مەزڵووم عەبدی: ئەگەر لەگەڵ تورکیا لەسەر ئاگربەست رێکبکەوین، شەڕڤانە بیانییەکان سووریا جێدێڵن
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵوێستێکدا کە بۆ یەکەمین جارە دەریدەبڕێت، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، ئەگەر لەگەڵ تورکیا بگەنە رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ، ئەوا شەڕڤانانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سووریا جێدێڵن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە: "لەبەرئەوەی دۆخێکی نوێ لە سووریا هەیە، کاتی ئەوەیە ئەو شەڕڤانانەی لە جەنگەکەماندا یارمەتیی ئێمەیان دا، بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان،" بەڵام فەرماندە کوردەکە لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە کە "بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەن."
کشانەوەی شەڕڤانە کوردەکانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، مەرجێکی سەرەکیی تورکیایە بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە زیادکردن و شەڕڤانان لە چەند شوێنێک کشانەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، مەزڵووم عەبدی بۆ یەکەمین جار پشتڕاستیدەکاتەوە کە شەڕڤانانی بیانی، لەنێویاندا ئەندامانی پەکەکە لە نێو هەسەدەدان.
پەکەکە لە لایەن تورکیا، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەوە بە رێکخراوێکی "تیرۆرستی" پۆڵێنکراوە.
فەرماندە کوردەکە کە بە مەزڵوم کۆبانیش دەناسرێت، ئاماژەی بەوە کردووە، وێڕای ئەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ یارمەتیدانیان چوونەتە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، هەسەدە هیچ پەیوەندییەکی رێکخراوەیی بە پەکەکەوە نییە.
مەزڵووم عەبدی ستایشی شەڕڤانە بیانییەکان دەکات کە لە 10 ساڵی رابردوودا لە تێکشکاندنی داعشدا یارمەتیی هەسەدەیان داوە. هەروەها روونیدەکاتەوە، بەشێک لەو شەڕڤانانە لە چەند ساڵی رابردوودا سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ناوچە بنەڕەتییەکانیان، بەڵام هەندێکیان بۆ شەڕی دژی داعش ماون و ئێستا کاتییەتی ئەوانیش بگەڕێنەوە، ئەگەر ئاگربەست رابگەیێندرێت.
مەزڵووم عەبدی بە رۆیتەرزی گوتووە: "دۆخێکی جیاواز لە سووریا هەیە. ئێستا ئێمە دەست بە قۆناخێکی سیاسی دەکەین. پێویستە سوورییەکان بە خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن و حکومەتێکی نوێ پێکبێنن."
ئەو هەروەها رایگەیاندووە: "لەبەر ئەوەی پێشهاتی نوێ لە سووریا هەن، کاتیەتی ئەو شەڕڤانانەی لە جەنگەکەماندا یارمەتییانداین، بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان."