رووداو دیجیتاڵ
پەلەمانتارێکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا وێنەی دیدارێکی کۆنی تایبەت بە پرسی کورد بەرزدەکاتەوە کە تێیدا مام جەلال و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەشدارن. وێنەکە و پرسی کورد بوونەتە رۆژەڤی پەرلەمانی تورکیا.
سرری ساک، پەرلەمانتاری دەم پارتی دەڵێت، دیدارەکە بە بڕیاری تورگوت ئۆزال، سەرۆککۆماری ئەو کاتی تورکیا بووە و لە شام بەڕێوەچوو.
سرری ساکک، باس لە دیدارەکە دەکات و دەڵێت، "ساڵی 1993ـیە و ئێمە لە شام لە دیدارێکین. لەو دیدارەدا سەرۆککۆماری عێراق، مام جەلال تاڵەبانی، بەڕێز ئۆجەلان و ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و گرنگی کورد هەن. ئێمە لەوێ بووین. بەڕێز ئۆجەلان گوتی ئامادەی هەموو ئەرکێکم کە بکەوێتە سەر شانم و دەگەڕێمەوە. گوتی من تورکیاییم و دەمەوێت کێشەکە لە تورکیا چارەسەر بکەم".
دوای 20 ساڵ لەو دیدارە، ساڵی 2013 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا لەگەڵ عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد کۆبوویەوە و هەناگای کردەیی لەو بابەتە دەستپێکرد کە تورگوت ئۆزال باسیکردبوو.
ئەردۆغان هەنگاوی کردەیی لەو بابەتە دەستپێکرد کە تورگوت ئۆزال، باسیکردبوو.
سرری ساکک لە پەرلەمان داوایێکی لە کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵاتەکە کرد و گوتی، "بەڕێز ئەردۆغان، بەڕێز باخچەلی، بەڕێز ئۆزگور ئۆزەلیش بانگ بکەن. بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاشین بانگ بکەن. تەواوی ئاشتیخوازان بانگ بکەن و وەرن ببنە ئازیزی ئەم وڵاتە".
لەدوای قسەکانی سری ساک، ئەرکان ئاکچای بریکاری فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پشتگیریی لە قسەکانی دەم پارتی کرد و گوتی، "بانگەوازەکان جوانن! بەڵام گرنگە بانگەوازەکان نەخرێنە نێو گفتوگۆیەکی نابیستانە و پێویستە ئەو بانگەوازەمان وەڵام بدرێتەوە. دەستی تەوقە درێژکراوە و بانگەواز کراوە".
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتیش لەوبارەوە گوتی، "ئێمە هێشتا چاوەڕێی واڵاکردنی دەرگای ئیمراڵی دەکەین. هێشتا چاوەڕێی وەڵامی ئەو داواکارییەین کە پێشکێشمان کردووە. واتا ئەوەی ئێمەی خستووەتە ژووری چاوەڕوانییەوە، دەسەڵاتە".
ئەمانە لەکاتێکدان رۆژی چوارشەممە یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لە کاتێکی گونجاودا وەڵامی داواکارییەکەی دەم پارتی بۆ دیداری ئۆجەلان دەدەنەوە.
سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکان، ئامەد هەمیشە لەپێناوی ئاشتیدا پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکانی ئەنقەرە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ