رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر رایگەیاند لە دوای سەری ساڵەوە دابەشکردنی گازی ماڵان دەکرێتە کۆبۆن و هەر خێزانێک بۆی هەیە لە مانگێکدا تەنیا دوو بوتڵ گاز وەربگرێت.
پێنجشەممە، 19-12-2024، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵی پار موختارەکان چاودێری دابەشکردنی گازیان دەکرد لە رێگەی پسوولەی خۆراکەوە، کە مۆریان لە دواوەی پسوولەکە دەدا، بەڵام ئێستا ناتواندرێت پسوولەی خۆراک بەکاربهێندرێ، بۆیە کۆبۆنمان دروستکردووە."
بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر گوتی: "بۆ کار ئاسانی هاووڵاتیان و دابەشکردنی غاز بە یەکسانی و بێ جیاوازی، موختاری گەڕەکەکان رێککەوتون کۆبۆن دروستبکەن لەو رێگەیەوە گاز بەسەر خێزانەکاندا دابەشبکەن."
ئاری کاکەشین گوتیشی: "هەر خێزانێک مانگانە دەتوانێت دوو بتڵ گاز وەرگرێت، بەرامبەر هەر مانگێک بریکار مۆری بۆ لە کۆبۆنەکە دەدات، ئەمەش لە پێناو ئەوەی هەموو ماڵێک بە یەکسانی گاز وەربگرن."
هاوکات سەرچاوەیەک لە قایمقامیەتی هەولێر بە رووداوی گوت، "لە دوای سەری ساڵەوە ئەم پڕۆسەیە جێبەجێدەکرێت، بۆ ئێستا تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێرە."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ئەو میکانیزمەی دانراوە پەیوەندی بە موختاری گەڕەکەکان و هاووڵاتیان و بریکارەکانی گازەوە هەیە، حکومەتیش چاودێری پرۆسەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ