لە هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانی بۆ کەمترین ئاست دادەبەزێت


رووداو دیجیتاڵ

لە وەرزی سەرمادا کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی کەم دەبنەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لە سێ رۆژی رابردوودا کەمترین کارەبا نیشتمانی شەش کاژێر بووە لە سلێمانی و زۆرترینیش لە دهۆک بووە کە 9 کاژێرە.
 
غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێرەکانی کارەبانی نیشتمانی لە سێ رۆژی رابردوودا لە 24 کاژێردا 6 بۆ 7 کاژێر بووە".
 
غالب محەممەد، کە هاوکات سەرپەرشتیاری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای هەڵەبجەشە ئاماژەی بەوە کرد، لە هەڵەبجەش هاوشێوەی سلێمانی شەش بۆ حەوت کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە.
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانە بەگوێرەی گەڕەکەکان 7 بۆ 9 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە."
 
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداوی گوت: "سوپاسی خاوەن موەلیدەکان دەکەین، کە رۆژ هەیە 17 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشان و بۆشایی نەبوونی کارەبای نیشتمانیی پڕ دەکەنەوە."
 
بەگوێرەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، لە دهۆک دۆخی کارەبای نیشتمانی لە سێ پارێزگاکەی دیکە باشترە و رۆژانە نزیکەی نۆ کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە.
 
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدەی ئەهلی هەن و کارەبا دەدەنە زیاتر لە ملیۆنێک و 311 هەزار هاوبەش.