دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 1230 خێزانی عەرەبی هاوردە عەفرینیان جێهێشتووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، نزیکەی 3000 خێزانی کورد گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە عەفرین، هەزار و 230 خێزانی عەرەبی هاوردەش عەفرینیان چۆڵکردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رێگەی لیژنەوە پێشوازی لەو هاونیشتمانیانە دەکات کە لە ناوچەکانی دیکەی سووریا ئاوارەبوون و دەگەڕێنەوە عەفرین. رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگاکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ 2 هەزار و 876 خێزانی کورد کە ژمارەیان 7 هەزار و 824 کەسە، لە ناوچەکانی دیکەوە گەڕاونەتەوە عەفرین".
زۆرینەی ئەو خێزانانەی عەفرین کە پێشتر ئاوارەبوون، عەرەبی هاوردە خانوو و ماڵیانی داگیر کردبوو. بە گوتەی رەواج حاجی، تاوەکو ئەمڕۆ هەزار و 230 خێزان لەو عەرەبە هاوردانە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رێگەی دوو لیژنەوە پێشوازی لەو کوردانەی عەفرین دەکەن، کە لە شەهباوە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و بە وردی ناویان تۆمار دەکەن بۆ ئەوەی بە گوێرەی ژمارەیان لە داهاتوودا هاوکارییان بکەن.
ئەو کوردانەی دەگەڕێنەوە بەشێکیان بۆ نێو عەفرین و هەندێکیشیان گوند و ناحیەکان. ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ خانووەکانیان چۆڵ نەکراوە، چوونە ماڵی کەسوکاریان و لەگەڵ ئەواندا دەژین.
لە سنووری قەزای عەفرین 6 ناحیە و 366 گوند هەن، لەدوای داگیرکردنی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، تاوەکو ئەمڕۆ، زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە ئاوارەیدا دەژین و ئامادە نین بگەڕێنەوە.