سەعدی پیرە: لە کەرکووک ئیش لە کورسی دەرچووە و تاقمێک قەنەفەمان بەدەستهێناوە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت "کورد گەورەترین فراکسیۆنی لە کەرکووک و گەورەترین فراکسیۆنی لە موسڵ هەیە. ئینشائەڵڵا کورد خۆی و دۆستەکانی هەشت کورسی زیاتر، لە کەرکووک بەدەست دەهێنێت."
 
ئەمڕۆ (19ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات بە رووداوی راگەیاند "پیرۆزبایی لە هەموو کوردستانیان دەکەم کە کورد گەورەترین فراکسیۆنی لە کەرکووک و گەورەترین فراکسیۆنی لە موسڵ هەیە. ئومێدەوارین هیمەتێکی باش بکەن بۆ لابردنی ئەو کەموکوڕیانە لەو ناوچانەدا هەن."
 
سەعدی پیرە، لەبارەی دەنگەکانی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە رووداوی گوت "دەنگەکانی کەرکووک و موسڵ، لە ئەنجامی نەخوێندنەوەی پەنجە و نەکردنەوەی سندووقی دەنگدانی تایبەت، چونکی ئیزافە نەکراوە و بەتایبەت لە موسڵ، بەشێوەیەکی بەرایی دەتوانین ژمارە بڵێین، بەڵام دوایین ژمارە نییە و دواتر کۆمیسیۆن دوایین ژمارە بڵاودەکاتەوە. لە کەرکووک سەرووی 140 هەزار و لە موسڵ سەرووی 50 هەزار دەنگ بەدەستدەهێنین." 
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کورسییەکانی حیزبەکەیەوە رایگەیاند، "بەدڵنیایی لە کەرکووک گەورەترین فراکسیۆن، فراکسیۆنی یەکێتی دەبێت. لە خانەقین یەک کورسی دێنین و ئیش بۆ دوو کورسی دەکەین. لە دووز، زیاتر لە 9 هەزار دەنگمان هەیە و ئەگەری کورسییەک هەیە. لە کەرکووک ئیشی کورسی نییە، لە کورسی دەرچووە و تاقمێک قەنەفەمان بەدەستهێناوە. بۆیە لە کەرکووک شەش کورسیمان مسۆگەرە و بەرەو زیاتر دەچین. کۆتای مەسیحییەکانیش نزیکە لە یەکێتی و لە حاڵەتی قەراردا، رەنگە دەنگ بۆ یەکێتی بدات."
 
دوێنی دوای تەواوبوون و داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، خەڵکی کەرکووک و دەوروبەری ئاهەنگی سەرکەوتن و دڵخۆشیی دەنگدانیان گێڕا. 
سەعدی پیرە لەبارەی زۆری دەنگەکانی یەکێتییەوە گوتی "دوێنێ دەمەوئێوارە، لە کاتی ئاهەنگگێڕان و کەرنەڤاڵەکاندا، ئاڵاکان هەمووی تێکەڵ ببوون؛ لە کەرکووک زیاتر لەبەرئەو هەڕەشەی لەسەر کەرکووک هەبوو، خەڵک بەرەو دەنگدان چوون؛ من پەیوەندیم نییە بەرپرسێکی نابەرپرس قسەی بەرز یان نزم دەکات، بەڵام لە کەرکووک خەڵک دەنگیان لەبەر فیکر، سیاسەت و ئەم و ئەو نەداوە، بەڵکو لەبەرئەوە بووە کە بەرگری لە خاکی خۆی و زێدی باپیرانی خۆی کردووە."
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێوە، سەعدی پیرە دەڵێت "ئەوەی پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتیمانییەوە هەیە، گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکات. پێویستە پارتی و یەکێتی لە مەسەلەی کەرکووک نەیکەنە مەسەلەی دوو قائیمە و سێ قائیمە، جیابوونەوە و نەبوونی یەک قائیمە. هەموومان دەزانین لە ئەنجامدا چەندان دەنگمان سووتا، ئەو دەنگانەی بەفیڕۆ رۆیشتوون زۆرن. دەتوانین بڵێین بەشی کورسییەک و نیو دەنگمان سووتاوە. دەبی لەوە وانە وەرگرین و فێری ئەوە بین کە شەڕەکە لە کوێیە. لە کەرکووک و نەینەوا زۆر گرنگە کورسییەکان بەولاولادا نەڕۆن، لە هەردوو پارێزگاش، کورد بە یەک لیست بەشداری بکەن، 50+1 دەبەن. ئەوە شتێکی مسۆگەرە."
 
بەگوتەی گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکێتی دەستی کراوەیە لە ئیشکردن و هاوکاریی لایەنەکانی دیکە. دەشڵێت "لە لای یەکێتی مەسەلەی کورد و خاکی نیشتمان ساخ بووەتەوە؛ یەکێتی لەسەر مەسەلەی ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئیشکردنی پێکەوەیی ئەسڵەن تەرەدوودی نییە. دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پێویستە پارتی و یەکێتی پێکەوە دانیشن و قسە بکەن؛ هەروەها هەموو ئەو لایەنانەی رەغبەتی داخڵبوونی مناقەشەی ئاییندەی کەرکووکیان هەیە. لە ئاکامی نەهێشتنی تەعریب و تەبعیس و داگیرکاری و خۆسەپاندندا، دەرگای گفتوگۆکان کراوەیە."
 
جگە لە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە کێشەی ئامێرەکانی هەڵبژاردن بۆ نموونە نەخویندنەوەی پەنجەی دەنگدەر، سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەش دا "لە هەڵبژاردنەکەدا خرووقات هەبووە، سکاڵاش تۆمار کراوە؛ بەڵام من نامەوێ پێشی دەرچوونی ئەنجامی فەرمی دەست بە قژڕناندنەوە بکەم."
 
سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت "ئەگەر بابەت دەنگ و رەنگ بێت، بابەت قەبارەی فراکسیۆنەکەیە، پێمباشە پارێزگاری نوێی کەرکووک کورد بێت، لە کوردیش پێمباشە یەکێتی بێت، بەڵام پارێزگارەکە، پارێزگاری کورد و هەموو کەرکووکییەکان دەبێت. ناتوانم هیچ ناوێک بڵێم، ئەوە هەڵدەگرین بۆ کەرکووکییەکان خۆیان. هەروەها هەموو بەربژێرەکان بەکەڵک پارێزگار دێن و خەڵکی شارەزان و ئەزموونیان هەیە."
 
تائێستا ئەنجامی فەرمی رانەگەیێندراوە، بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 17:00 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی فەرمی رابگەیێنێت.