زیاتر لە 53 هەزار دەنگی کورد لە کەرکووک دەفەوتێن

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی پەرتەوازەیی و بەشدارینەکردنی لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کورد زیاتر لە 53 هەزار دەنگی دەفەوتێن.
 
بە گوێرەی ئەو ئەنجامەی ئەمڕۆ سێشەممە 19-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک 217 هەزار و 815 دەنگیان بەدەستهێناوە و دەنگەکانیان بەم جۆرەیە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 139 هەزار و 373 دەنگ؛ پارتی دیموکراتی کوردستان 46 هەزار و 749 دەنگ؛ جووڵانەوەی نەوەی نوێ 24 هەزار و 620 دەنگ؛ هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک کە یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکیانهێنابوو 6655 دەنگ و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان 377 دەنگ.
 
بەڵام پارتە کوردستانییەکان بە یەک لیست لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدار نەبوون و دەنگەکانی نەوەی نوێ، هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک و پارتی سۆسیال دیموکرات هێندە نەبوون کە ئەو لایەنانە بە تەنیا کورسی بەدەستبهێنن و هەربۆیە ئەو دەنگانە هەموویان دەفەوتێن. ئەو دەنگانە لەگەڵ ئەو دەنگانەی دیکەی کە پارتی و یەکێتی بەدەستیان هێناون و بەشی کورسییان نەکرد و هەربۆیە دەفەوتێن هەموویان 53 هەزار و 617 دەنگن.
 
هەربۆیە ئەو کورسییانەی ئێستا لایەنە کوردستانییەکان لەو پارێزگایە بەدەستیان هێناون تەنیا حەوت کورسین لە کۆی 16 کورسی و ئەنجامەکەش بەم جۆرەیە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 5 کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی.
 
ئەو بەربژێرانەی لە کەرکووک دەرچوون
 
کەرکووک هێز و ئیرادەمانە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)، پێنج کورسی: 
-نەشئەت شاهوێز خورشید: 37971 دەنگ
-رێبوار تەها: 27265 دەنگ
-ئەحمەد فاتیح: 11 هەزار دەنگ
-هۆشیار هیجران: 5961 دەنگ
-پەروین فاتیح جەباری: 5396 دەنگ
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو کورسی:
-حەسەن مەجید رەشید شێخانی: 7505 دەنگ
-شۆخان حەسیب: 3582 دەنگ

 

 
هاوپەیمانی عەرەبی، سێ کورسی: 
-راکان جبووری: 36617 دەنگ
-ئەحمەد عەبدولواحید حەمدانی: 8717 دەنگ
- سەلوا میفرەجی: 4190 دەنگ 
 
بەرەی تورکمانی یەکگرتووی عێراق، دوو کورسی: 
-ئەحمەد رەمزی کەریم:  19339 دەنگ
-محەممەد سەمعان کەنعان: 10698 دەنگ
 
قیادە، دوو کورسی: 
-رەعد ساڵح حوسێن جبووری: 9967 دەنگ
-بەیدا حەموود دەرویش: 1744 دەنگ
 
عرووبە، یەک کورسی: 
-زاهیر ئەنوەر عاسی حوسێن عوبەیدی: 10060 دەنگ
 
 بزووتنەوەی بابلیون:
-ئینجیل زیا شیبا زیا: 56 دەنگ