دەم پارتی لە شارە گەورەکانی تورکیا بەربژێری دەبێت

19-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی رایگەیاند، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی بڕیاریداوە لە شارە گەورەکانی تورکیادا بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هەبێت. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی رێکخست و دوایین زانیاری لەبارەی ئامادەکاری پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان خستەڕوو. 
 
ئایشەگول دۆغان رایگەیاند، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی بڕیاریداوە لە شارە گەورەکانی تورکیا وەک ئیستەنبووڵ، ئادانا، ئەنتاڵیا، مەرسین، ئایدن، کۆنیا، کۆجائێلی، ئیزمیر، مانیسا، چاناککالە و تەکیرداغ بەربژێری خۆی هەبێت و گوتی، "ماوەی پێشکێشکردنی بەربژێربوون بۆ 25ـی مانگ درێژکراوەتەوە کە دوایین وادە دەبێت بۆ ئەوەی دەرفەت بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بدرێت هەڵسەنگاندن بۆ لیستی بەربژێرەکان بکات تا لە وادەی دیاریکراویدا پێشکێشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بکات. 
 
گوتەبێژی دەم پارتی راشیگەیاند، بۆ ئێمە هەڵبژاردنەکان تەنیا پرسی شارەوانییەکان نییە، بەپێچەوانەوە زۆر لەمە زیاترە. بەر لە هەموو شتێک رایدەگەیێنین ئەوەی بە زۆری و زۆرداری قەیووم لێمان سەندرا، وەریدەگرینەوە و رژێمی قەیووم لەناو سندووقەکان دەنێژین و سەرجەم شارەوانییەکان بە ئیرادەی گەل دەگەڕێنینەوە. بەمەش ناوەستین لەو شار و شارۆچکانەی دەنگمان نەهێنابوو کاری رژد دەکەین و بە دەنگ وەریدەگرین. 
 
دۆغان باسی لەوەشکرد، کە هەرچەندە تاوەکو ئێستا هاوپەیمانیی و هاوئاهەنگییان لەگەڵ هیچ لایەنێک پێکنەهێناوە، بەڵام کراوەن بۆ هەر هاوپەیمانییەک بەو مەرجەی راشکاوانە و ئاشکرا بێت و سەرجەم بڕگە و مادەکانی بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێن. 
 
جەختی لەوەشکردەوە، بۆ سەرخستنی بەربژێرەکانیان لە شارە گەورەکانی تورکیادا هاوئاهەنگیی و گفتوگۆی بەردەوامیان لەگەڵ خوێندکار، گەنج، ژن، ژوورە پیشەگەرییەکان، سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی دەبێت و گوتی، "دەبینە دەنگ و رەنگی ئەو کەسانەی دەنگیان کپ کراوە و ستەمیان لێکراوە". 
 
لە وەڵامی پرسیاری "دەگوترێت دەم پارتی لە بەرامبەر پشتگیریکردن لە ئیمامئۆغڵو، هەردوو شارەوانیی ئەسەنیورت و سوڵتان بەیلی لە ئیستەنبووڵ داواکردووە؟ تا چەند راستە؟" ئایشەگول گوتی، "رێککەوتنی وەها لە ئارادانییە و تەنانەت باسی لێنەکراوە و پرۆپاگەندەی دەسەڵاتە بۆ تێکدانی دۆخەکە. دەم پارتی بە تەنیا دەچێتە هەڵبژاردن و بەربژێرەکانیشی دوای پشتیوانی جەماوەرەکەی، خۆیان دیاری دەکەن. هەر رێککەوتنێک بکرێت بۆ رای گشتیی ئاشکرای دەکەن". 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە