بەربژێرێکی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک: سێ کورسیمان مسۆگەر کردووە و چاومان لە چوارەمە

19-12-2023
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەربژێرێکی لیستی بەرەی تورکمانی لە پارێزگەی کەرکووک رایگەیاند، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان لە سنووری پارێزگای کەرکووک سێ کورسییان مسۆگەر کردووە.
 
ماردین تەحسین، بەربژێری لیستی بەرەی تورکمانی لە پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، بەپێی ئەنجامە بەرایییەکان، لیستەکەیان لە کەرکووک سێ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگەی مسۆگەر کردووە، چاویان لە کورسیی چوارەمە.
 
ماردین تەحسین کە بە گوتەی خۆی یەکێکە لە بەربژێرە دەرچووەکانی لیستەکەی، لەبارەی ژمارە و رێژەی دەنگەکانیان گوتی، ئەوەی کۆمان کردووەتەوە، ئەو ئەنجامانەن کە چاوێردەکانمان کۆیان کردوونەتەوە، بەڵام دەنگی هەموو بنکەکانمان لەلا نییە، بۆیە چاوەڕێی کۆمیسیۆنین ئەمڕۆ ئێوارە بە فەرمی ئەنجامەکان رابگەیێنێت.
 
تائێستا ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رانەگەیێندراوە، بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 17:00 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی فەرمی رابگەیێنێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک،  لە سەنتەری شاری کەرکووک لە کۆی  هەزار و 417 وێستگەی دەنگدان:
 
هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە "یەکێتی" 132 هەزار و 481 دەنگ، پارتی 44 هەزار و 798 دەنگ و نەوەی نوێ 23 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
بەڵام بەپێی ئەو ئەنجامانەی لەلایەن حیزبەکانەوە دراونەتە رووداو، ئەنجامی دەنگی حیزبەکان بەشێوەیە بووە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر لە 155 هەزار دەنگ؛ پارتی دیموکراتی کوردستان 49 هەزار دەنگ و نەوەی نوێ نزیکەی 25 هەزار دەنگ.
 
سەبارەت بە لیستە عەرەبییەکانیش، بەپێی ئەو ئەنجامانەی دەست رووداو کەوتوون، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی راکان جبووری نزیکەی 80 هەزار دەنگ، هاوپەیمانی عروبە، بە سەرۆکایەتیی وەسفی عاسی نزیکەی 42 هەزار دەنگ و هاوپەیمانیی قیادە بە سەرۆکایەتی محەممەد تەمیم نزیکەی 40 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە. 
 
رێژەی بەشداری لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان بەم شێوەیە یە: عەرەب 70٪ بۆ 75٪ بەشداریان کردووە بەتایبەتی لە حەویجە، رێژەی بەشداری کورد 65٪ بۆ 70٪ بووە و رێژەی بەشداری تورکمانیش 50٪ بۆ 60٪ بوو.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان بزووتنەوەی بابلیون بە سەرۆکایەتی رەیان کلدانی، کورسیی کۆتای کریستیانی لە پارێزگای کەرکووک بردووە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 15 کورسییە، 11 پیاو و 4 ژن، لەگەڵ  کورسییەکی کۆتای کریستیان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.