دەنگدان لە کەرکووک؛ هاونیشتمانییان باسی جۆشوخرۆشی خۆیان لەو رۆژەدا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی زوو کە بنکەکانی دەنگدان لە رۆژی 18-12-2023 کرانەوە، زۆرترین ئەو کەسانەی روویان لێکردن، هاونیشتمانییانی بەتەمەن بوون.
مام ئەحمەدی تەمەن 85 ساڵ، هەر زوو خۆی گەیاندە بنکەی 11ـی ئازار لە ئیسکان. پۆلیسێکی کورد هاوکاریی کرد و تاوەکو بەردەم وێستگەکە دەستی گرت و لەگەڵ خۆیدا بردی، مام ئەحمەد دوای دڵنیابوون لە ناوەکەی، دەنگی دا و بە رووداوی گوت "ئەمە ئەرکە و، هاتم زوو جێبەجێم کرد.''
مام ئەحمەد باسی لەوەش کرد شەوی پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەر نەخەوتووە، دەڵێ "گوتم بەیانیی زوو دەچم دەنگ دەدەم و، خەریکبوو کاژێر 07:00 بێم، دواتر گوتم ئەوکاتە کەس نەهاتووە، بۆیە هەشت هاتم و پێم وایە ئەمە بەرپرسیاریێتییە."
مام بەهادین، بەتەمەنترین پیاوی کورد بوو کە بەشداریی لەدەنگداندا کرد، ئەو لەدایکبووی ساڵی 1912ـیە و دەڵێ "دەمانەوێت مافی کورد وەربگرینەوە.''
هاونیشتمانییان لە کەرکووک پەرۆشییەکی زۆریان هەبوو بۆ بەشداریکردن لەدەنگدان و بەشێکی زۆریشیان بە جلوبەرگی کوردییەوە چوونە سەر سندووقەکان.
پەروین جەلال، هاونیشتمانیی کەرکووک گوتی "بۆ کورد لە شاری کەرکووک، هەر 10 پەنجەکەم مۆر کردووە. کەرکووک، هەر کوردستانییە.''
رەمزیە فەتاح، هاونیشتمانیێکی دیکەی کەرکووک دەڵێ "زۆرینە کێیە؟ کوردە. هەر کورد باشە. کێ خزمەتی ئەم شارەی کردووە؟ هەر کورد باش بووە و کورد هیچ لەدڵیدا نییە.''
کێشەی پەنجەمۆر و نەخوێندنەوەی کارتی دەنگدان وایانکرد سەتان کەس لەبەردەم کۆمیسیۆن گردببنەوە. هەرچەندە کۆمیسیۆن چارەیەکی بۆ نەکردن، لەگەڵ ئەوەشدا هێزە ئەمنییەکان بەتووندی رووبەڕووی خەڵک بوونەوە.
سەڵاحەدین شەمسەدین، هاونیشتمانیێکی کەرکووکە کە نەیتوانیوە دەنگ بدات، لەبەردەم کۆمیسیۆنەوە لە کەرکووک قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئێستا هاتوومەتە ئێرە و دەڵێ 'بڕۆ (کارتی بایۆمەتریی دەنگدان) تازە بکەوە' کەی تازەی بکەمەوە؟ دوای دەنگدان بۆچیمە! خۆیان متمانەیان بەم بەڵگەنامەیە نییە کە خۆیان دروستیان کردووە.''
سوپای عێراق ئەرکی پاراستنی دەرەوەی بنکەکانیان لەئەستۆ بوو و بەشێک لە سەربازەکانیان رێگرییان لە هێنانی ئاڵای کوردستان دەکرد، بەڵام وێڕای هەموو کێشە و بەربەستەکان، پارێزگای کەرکووک بەرزترین رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمارکرد بەراورد بە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق.