نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ: پێش سەری ساڵ هەموو وانەبێژان مووچە وەردەگرن

رووداو - هەولێر

نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، بەهۆی تاقیکردنەوەکانەوە بایکۆتیان شکاندووە و چوونەتەوە دەوام؛ دەشڵێت، بەڵێنیان پێدراوە پێش کۆتایی ئەمساڵ هەموو وانەبێژان شایستە داراییەکانی مانگی 11 وەربگرن.
 
رۆژی دووشەممە 19-12-2022، کاروخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی 14ـی مانگ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەستیپێکرد و بەهۆیەوە سەرجەم وانەبێژان بایکۆتیان شکاند و چوونەوە قوتابخانەکان، بەڵام داواکانمان جێبەجێ نەکرێن لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام لە وەرزی دووەم لە رۆژی 2-1-2023، گفتوگۆی بایکۆتی سەرتاسەری دەکەین."
 
کاروخ عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد کە لە وەزارەتی پەروەردە پێیان راگەیێندراوە، داوای بەگرێبەستکردنی 5 بۆ 6 هەزار وانەبێژیان گەیاندووەتە ئەنجوومەنی وەزیران و مامۆستایانیش چاوەڕوانی پەسندکردنین.
 
سەبارەت بە شایستە داراییەکانیان، کاروخ عەبدوڵڵا گوتی، دوای تەواوبوونی خشتەی دابەشکردنی مووچە کە 23ـی ئەم مانگەیە مووچەی وانەبێژان دەدرێت و گوتیشی: "شایستەی دارایی وانەبێژان کراوە بە چەک و بەڵێندراوە تاوەکو پێش سەری ساڵ هەموو وانەبێژانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەربگرن".
 
سەرەتای ئەم مانگە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانی وانەبێژەوە کێشە بۆ پڕۆسەی خوێندن لە هەندێک شوێن دروستبوو. رۆژی 7-12-2022، شەهێن عوسمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 180 قوتابخانەی سنوورەکەمان وانەبێژ هەن و میلاکیشیان تێدایە. خوێندن بە تەواوی رانەگیراوە و دەوام دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە بایکۆتکردنی مامۆستایان کاریگەری نەرێنی دروستکردووە." 
 
هاوکات بارام محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری ئێمە مامۆستایانی وانەبێژ 547 مامۆستان و ژمارەیان زیاترە لە میلاک و بەهۆی بایکۆتی ئەوانەوە چەند رۆژێکە زیاتر لە 50 قوتابخانە دەوامی تێدا راگیراوە." 
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن.