نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ: پێش سەری ساڵ هەموو وانەبێژان مووچە وەردەگرن

19-12-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو - هەولێر

نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، بەهۆی تاقیکردنەوەکانەوە بایکۆتیان شکاندووە و چوونەتەوە دەوام؛ دەشڵێت، بەڵێنیان پێدراوە پێش کۆتایی ئەمساڵ هەموو وانەبێژان شایستە داراییەکانی مانگی 11 وەربگرن.
 
رۆژی دووشەممە 19-12-2022، کاروخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی 14ـی مانگ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەستیپێکرد و بەهۆیەوە سەرجەم وانەبێژان بایکۆتیان شکاند و چوونەوە قوتابخانەکان، بەڵام داواکانمان جێبەجێ نەکرێن لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام لە وەرزی دووەم لە رۆژی 2-1-2023، گفتوگۆی بایکۆتی سەرتاسەری دەکەین."
 
کاروخ عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد کە لە وەزارەتی پەروەردە پێیان راگەیێندراوە، داوای بەگرێبەستکردنی 5 بۆ 6 هەزار وانەبێژیان گەیاندووەتە ئەنجوومەنی وەزیران و مامۆستایانیش چاوەڕوانی پەسندکردنین.
 
سەبارەت بە شایستە داراییەکانیان، کاروخ عەبدوڵڵا گوتی، دوای تەواوبوونی خشتەی دابەشکردنی مووچە کە 23ـی ئەم مانگەیە مووچەی وانەبێژان دەدرێت و گوتیشی: "شایستەی دارایی وانەبێژان کراوە بە چەک و بەڵێندراوە تاوەکو پێش سەری ساڵ هەموو وانەبێژانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەربگرن".
 
سەرەتای ئەم مانگە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانی وانەبێژەوە کێشە بۆ پڕۆسەی خوێندن لە هەندێک شوێن دروستبوو. رۆژی 7-12-2022، شەهێن عوسمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 180 قوتابخانەی سنوورەکەمان وانەبێژ هەن و میلاکیشیان تێدایە. خوێندن بە تەواوی رانەگیراوە و دەوام دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە بایکۆتکردنی مامۆستایان کاریگەری نەرێنی دروستکردووە." 
 
هاوکات بارام محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری ئێمە مامۆستایانی وانەبێژ 547 مامۆستان و ژمارەیان زیاترە لە میلاک و بەهۆی بایکۆتی ئەوانەوە چەند رۆژێکە زیاتر لە 50 قوتابخانە دەوامی تێدا راگیراوە." 
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی باشماخ. وێنە: AA

زیاتر لە 12%ی ترانزیتی هەموو ئێران لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە بووە

بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە سێ مانگدا بایی زیاتر لە یەک ملیار و 70 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە ترانزیت کراوە کە بەراورد بە پار، دوو هێندە زیادیکردووە.