ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: ئاگاداری پرۆژەی شەفافییەت نەبووین

19-12-2022
سۆران حوسێن
باڵەخانەی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی
باڵەخانەی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی
A+ A-
 
رووداو هەولێر

لەبارەی کاراکردنی ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ ئاشکراکردنی داهاتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە کراوەتەوە، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەوان ئاگاداری پرۆژەکە نەبوون.
 
رۆژی دووشەممە 19-12-2022، بەرزان شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی میوانی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی راگەیاندنی پرۆژەی شەفافییەتەوە گوتی، ئەوان لە رۆژی کردنەوەی ماڵپەڕەکەدا بەشدارییان کردووە، بەڵام پێشتر هیچ کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکیان لەسەر پرۆژەکە نەکردووە.
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتیشی، "ئەوەی جێگەی سەرنجی هەموو تاکێکی ئەم وڵاتەیە؛ ئەو داهاتانە دیارن و دەچنە فەرمانگەکانەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک داهات هەن هاونیشتمانی نایزانێت؛ پێمان باشە هەموو داهاتەکان وەکو بەڕێزیشیان [قوباد تاڵەبانی] باسیان کرد، ماوەیەکی دیکە خەرجییەکانیش بڵاودەکەنەوە؛ پێویستە هەموو ئەو داهاتانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن لە دەروازەکان و داهاتی نەوت و گازیش ئاشکرا بکرێن."
 
بە گوتەی بەرزان شێخ محەممەد، ئەوان ئاگاداری ئەم پرۆژەیە نەبوون و "رۆژی راگەیاندنی پێمان گوتراوە؛ داهاتی نەوتی تێدانییە، چونکە تاوەکو ئەم ساتە لە هیچ ناوچەیەک نازانرێت چەندە، خەڵک پرۆژەکە بە باش دەزانن، بەڵام پێیان خۆشە کۆی داهات لە هەرێمی کوردستان بزانن."
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەش کرد، سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە باسی ئەوەیان کردووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا چۆنێتی خەرجکردنی داهاتیش لە پرۆژەیەکی دیکە بخەنەڕوو. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر پرۆژەی شەفافییەت تەنیا دەرخستنی داهات بێت "ئەوە پێشتریش هاتووە و خەرجکراوە."
 
رۆژی 15ی ئەم مانگە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاراکردنی ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
 
رۆژی شەممە 17-12-2022، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافییەت ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی ئاگاداربووە و هاوکاریی کردوون. گوتیشی، چەند ئامانجێکیان هەیە لە کردنەوەی ماڵپەڕەکەدا، لەوانە: "شەفافکردنی پڕۆسەی کۆکردنەوەی داهات؛ دانانی بناخەیەکی پتەو بۆ ژێرخانی ئابووریی، دارایی و بانکی. هاونیشتمانیانیش ئاگاداری وردەکارییەکانی داهات و سەرچاوەکانی بن؛ بەکردەیی وەڵامدەرەوەی تۆمەتی ناڕەوایە بەرامبەر بە ئیدارەی سلێمانی." 
 
ماڵپەڕی شەفافییەت داهاتی نانەوتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینی تێدا بڵاودەکرێتەوە؛ ماڵپەڕەکە لە هەشت بەش پێکدێت، لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە، سەرجەم ئەو داهاتانەی بەشێوەی دیجیتاڵی تێدا دەردەکەوێت کە رۆژانە، مانگانە و ساڵانە لەو سنوورەدا بەدەست دێن.
 
راگەیاندنی پڕۆژەی شەفافییەت لەکاتێکدایە، لە چوار کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، قوباد تاڵەبانی بەشداریی نەکردووە و میدیای فەرمیی یەکێتی رایگەیاندبوو، "نیگەران"ـە لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و تاوەکو "نیگەرانییەكان نەڕەوێندرێنەوە"، بەشداریی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران ناكات.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی رۆژی 18-12-2022 لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین 6 ملیار و 273 ملیۆن دینار بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە