زیندانییەکی سیاسیی کورد لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارەدرا
رووداو دیجیتاڵ
زیندانییەکی سیاسیی کورد، کە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە زیندانی سنە لە سێدارەدرا.
حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 19-12-2021 لە زیندانی سنە لە سێدارەدرا. قوربانی، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
حەیدەر قوربانی، تەمەن 47 ساڵ، کە خەڵکی شاری کامیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە ساڵی 2016 بەتۆمەتی هاوکاریکردنی حدکا دەستگیرکرابوو.
ساڵح نیکبەخت، کە پارێزەری حەیدەر قوربانییە، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڕیاریدابوو پێداچوونەوە بە سزاکەی حەیدەر قوربانیدا بکرێت".
ساڵح نیکبەخت، کە دوێنێ ئێوارە قسەی لەگەڵ حەیدەر قوربانی کردووە، گوتی: "بڕیارەکەی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێرانم پێڕاگەیاند و زۆر خۆشحاڵ بوو بە بڕیارەکە".
پارێزەرەکەی حەیدەر قوربانی ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری داوایکردبوو ئەنجامی پێداچوونەوە بەبڕیارەکە بە حەیدەر قوربانی و ماڵباتەکەی رابگەیێنرێت، بەڵام تەنیا 8 کاژێر دوای بڕیارەکەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، حەیدەر قوربانی لەسێدارەدرا.
پێشتر رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی لە بەرپرسانی ئێران کردبوو.