رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بڕی ملیارێک دینار دەداتە پارێزگای هەولێر بۆ بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی رۆژی هەینی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-12-2021 کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە نامەیەکدا بۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە واژۆی فارووق مەلا مستەفا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دراوە، "لە کاتێکدا کە هەولێر بە کارەساتێکی دڵتەزێندا تێدەپەڕێت لە ئەنجامی لافاوەکەی ئەمدواییەی ئەو شارە و لە پێناو بەهاناوەچوونی خێزانە زیانلێکەتووەکان، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە پێویستی دەزانێت بڕی یەک ملیار دیناری عێراقی تەرخانبکات بۆ کۆمەککردنی ئەو خێزانانەی لە ئەنجامی لافاوەکە زیانیان پێگەیشتووە".
رۆژی هەینی بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە لە بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای هەولێر لافاو دروستبوو و زیانێکی زۆری گیانی و ماددیی لێکەوتەوە. ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی قەبارەی زیانەکانی لافاوەکە رایگەیاند، بە گشتی لافاوەکە نزیکەی 20 بۆ 21 ملیار دینار زیانی ماددی هەبووە.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەزگای روانگە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بڕی یەک ملیار دینار هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی کرد.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشد، ئاو چووەتە 2509 ماڵ و زیانی بە کەلوپەلەکانیان گەیاندووە، 402 خانوو زیانمەندبوون، 867 ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە کە بەشێکیان حکومین، 153 دووکان و مارکێت و کارگە زەرەرمەند بوون.
جگە لە زیانی ماددی، لافاوەکە زیانی گیانیشی لێکەوتەوە. 12 کەس بەهۆی لافاوەکە گیانیان لەدەستداو کە تاوەکو ئێستا تەرمی دووانیان نەدۆزراوەتەوە و گەڕان و پشکنین بە دوایاندا بەردەوامە.
لە راگەیێندراوێکدا پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەدات کە خەڵک بەم رێگەیانە دەتوانن هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر بکەن:
لە ناوخۆ: هەژماری بانکیی (508) لە بانکى منارە
دەرەوەى هەرێمى کوردستان:
Bank name: RT BANK
Swift Code: RTBAIQBAXXX
Account Number IQD 203/57391/1/2511/000
Account Number USD 203/57391/2/2511/000
Account Number EUR 203/57391/3/2511/000
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ