كۆسرەت رەسوول: هەنگاوەكانی بەستنی كۆنگرە زۆر بەباشی دەچنە پێشەوە

رووداو - هەولێر

جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاندووە، هەنگاوەكانی بەستنی كۆنگرە بەباشی دەچنە پێشەوە و هەوڵدەدەن كۆنگرەیەكی باش و گونجاو بكەن و نموونەیەكی جوانی نوێبوونەوە پێشكەش بكەن.
 
ئەو گوتانەی كۆسرەت رەسوول عەلی لەکاتی پێشوازیكردن لە ستیڤن هیكی، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق و جەیمس سۆرنتن، كۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان هات.

 

 
هەروەها رزگار عەلی، لیپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردووە، كۆنگرەی یەکێتی لە كاتی خۆیدا دەبەسترێت.
 
ئەو بەرپرسەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو ئەندامانی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنگرانی دڵنیادەكەنەوە، كۆنگرە لە كات و ساتی بڕیارلێدراوی خۆیدا دەبەسترێت.
 
هەرچەندە وا بڵاوکرایەوە کە کۆنگرەی یەکێتی بۆ چەند رۆژێکی دیکە دوابخرێت، بەڵام گوتەبێژی یەکێتی بە رووداو راگەیاند: کۆنگرە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
 
کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی شەممە 21-12-2019  دەبەسترێت، رووداو بەر لە کۆنگرەکە پرۆژە پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبەی بڵاوکردەوە کە لە نۆ بەش پێکهاتووە.