یاسای پارتەکانی عێراق کێشە بۆ کۆنگرەی یەکێتی دروستدەکات

 
رووداو- هەولێر

بەپێی بڕگەی پێنج لە ماددەی نۆ هەروەها بڕگەی سێ لە ماددەی 10ـی یاسای پارتەکانی عێراقی ژمارە 36ـی ساڵی 2015، کەسانی سەربازیی ناتوانن ئەندامی حیزب بن و بەشداریی کۆنگرە بکەن، ئەوەش کێشەی بۆ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دروستکردووە.
 
ئامادەکارییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاوەکو کاژێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوامبوون بۆ بەستنی کۆنگرەی چواری حیزبەکە، کە بڕیارە رۆژی شەممە 21-12-2019 لە شاری سلێمانی ببەسترێت، بەشێکی ئەندامانی کۆنگرەکە ئەمڕۆ گەیشتوون و بەشێکیشیان رۆژی هەینی دەگەنە سلێمانی، ئەگەر کۆنگرەکە دوانەخرێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی باڵای نێو یەکێتییەوە دەست رووداو کەوتووە، یەکێتی ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراق لە هەوڵدایە ئەو کێشەیە چارەسەربکات و دەرچەیەکی یاسایی بۆ ئەو ماددە یاساییانە بدۆزێتەوە، هەرچەندە وەک یەکێک لە سەرچاوەکان بە رووداوی گوت "تازە ئەوە یاسایە و دەبێت هەموو حیزبێک پێوەی پابەندبێت".
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکەم حیزبە لە کوردستان رووبەڕووی ئەو کێشە یاساییە بۆ کۆنگرە ببێتەوە، سەرچاوەکەی رووداو دەڵێ "پێشتر ئەو یاسایەمان فەرامۆشکردبوو، بەڵام ئێستا بووەتە کێشەیەکی جیددی و دەبێت چارەسەری بکەین، چونکە بەشێکی زۆری کەسانی سەربازی و پێشمەرگە ئەندامی کۆنگرەن و خۆیشیان بۆ پۆستەکان بەربژێر دەکەن".
 
ئەوەی گومانی دواخستنی کۆنگرەکەی یەکێتی بەهێز دەکات، ئەوەیە کە تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەهۆی پشووی هەفتەوە بەرپرسانی یەکێتی ناتوانن پەیوەندیی بە بەغداوە بکەن، ئەوە لەکاتێکدا رۆژی شەممە دەبێت کۆنگرە بکرێت، بەڵام سەرچاوەکەی رووداو دەڵێ "ئەگەر نەمانتوانی پەیوەندیی بە بەغداوە بکەین، چارەسەر ئەوە دەبێت لە یەکەم رۆژی کۆنگرە بەرپرسە سەربازییەکان و پێشمەرگە بەشداریی کۆنگرە پێنەکەین تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەکەین".

 

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای حیزبەکەی راگەیاند، هەنگاوەكانی بەستنی كۆنگرە بەباشی دەچنە پێشەوە و هەوڵدەدەن كۆنگرەیەكی باش و گونجاو بكەن و نموونەیەكی جوانی نوێبوونەوە پێشكەش بكەن.