هاوڕێكانی لەسەر مادەی هۆشبەر دەیكوژن

19-12-2019
تریسكە شێرزاد
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-
رووداو- هەولێر

محەممەد کاژێر 7:30 خولەكی بەیانی لە ماڵی خوشكەكەی چووە دەرەوە، کاژێر و نیوێك دواتر تەرمەكەی لە كۆڵانێكی تەنگەبەری گەڕەكی شۆڕیجەی شاری كەركووك دۆزرایەوە.
 
محەممەد عەلی شەریف، تەمەن 23 ساڵ و دانیشتووی گەڕەكی شۆڕیجەی كەركووك، سەعات نۆی بەیانیی رۆژی 3/12/2019 لەلایەن دوو لە هاوڕێكانیەوە كوژرا. هاوڕێكانی دوای رووداوەكە هەڵاتوون، بەڵام پۆلیس هاوڕێیەكی دوو تۆمەتبارەكەی دەستگیر كردووە كە دەگوترێ‌ ئاگاداری رووداوەكەیە.
 
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت: "دوای ئەوەی بنكەی پۆلیسی ئازادی لە رووداوێكی كوشتن ئاگادار كرانەوە، پۆلیس چووە شوێنی رووداوەكە و تەرمەكەیان رەوانەی پزیشكی دادی كەركووك كرد، پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ رووداوەكە كراوەتەوە".
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت ئەو گەنجە ئەو رۆژە لەگەڵ سێ لە هاوڕێیەكانی وا رێككەوتوون لەو شوێنە یەكدی ببینن، دواتر وادیارە شەڕ لە نێوانیان دروست بووە. دوو لەوان، ئەو گەنجەیان كوشتووە و هەڵاتوون".
 
هەر بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، یەكێك لە گەنجەكان دوای رووداوەكەش هەر لەوێ‌ بووە، كاتێك پۆلیس گەیشتووەتە ئەوێ‌ دەستگیری كردووە. پۆلیس ئیفادەی لەو گەنجە وەرگرتووە. وەك سەرچاوەكەی پۆلیس دەڵێت "گەنجەكە لە ئیفادەكەیدا گوتوویەتی  ئێمە پەیوەندیمان بە محەممەدەوە كرد، بەڵام من ئاگاداری ئەوە نەبووم كە  هاوڕێكانم بە تەمای كوشتنی محەممەدن، شەڕی نێوان محەممەد و دوو هاوڕێیەكەم لەسەر تریاك و حەبی هۆشبەر بوو،  هەم محەممەد و هەم هاوڕێیەكانیشم رۆژانە بەكاریان دەهێنا، بەڵام من دوور وەستابووم و نەمویست نزیكی شەڕەكە ببمەوە".
 
پشكنینەكانی پزیشك قسەی ئەو گەنجەیان پشتڕاست كردووەتەوە. وەك سەرچاوەكەی پۆلیس گوتی: "بەگوێرەی ئەو پشكنینانەی لە پزیشكی دادوەری بۆ تەرمی محەممەد كراوە، ئەو گەنجە مادەی هۆشبەری بەكارهێناوە، بەڵام هێشتا نازاین ئەو رۆژەی كە محەممەد كوژراوە هاوڕێیەكانی مادەی هۆشبەریان بەكارهێناوە یاخود نا، ئەو گەنجەی دەستگیرمان كردووە ئەو مادانەی بەكارنەهێناوە". ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "ئێمە تا ئەو دوو گەنجە دەستگیر نەكەین نازانین هۆكاری شەڕەكە چی بووە، چونكە ئیفادەی دوو تاوانبارەكەمان نییە".
 
عەلی شەریف، باوكی محەممەد بە (رووداو)ی گوت، رۆژی پێش رووداوەكە كوڕەكەی نانی نیوەڕۆی خواردووە و پێیگوتوون دەچێتە ماڵی خوشكەكەی و ئەمشەو ناگەڕێتەوە، ئەویش ئیزنی داوە.
 
عەلی شەریف باسی ژیانی كوڕەكەی دەكات و دەڵێت: "زۆربەی كات لە ماڵەوە بوو، نەیدەخوێند، كاریشی نەدەكرد، زۆر حەزی لە تێكەڵاوی خەڵك نەبوو". هەروەها دەڵێت كە چەند جارێك ئامۆژگاریی كوڕەكەی كردووە بچێتە دەرەوەی ماڵ و تێكەڵی خەڵك ببێ‌، بەڵام وەڵامی محەممەد هەمیشە ئەوە بووە كە حەز ناكات تێكەڵی خەڵك ببێ‌.
 
ئەوەی بۆ عەلی شەریف جێی سەرسوڕمانە، ئەوەیە كە محەممەد بە دەستی هاوڕێكانی كوژراوە. ئەو دەڵێت "كوڕەكەم هیچ هاوڕێی نەبوو، تێكەڵی كەس نەدەبوو، زۆربەی كاتەكانی بە یاریی ئەلیكترۆنی بەسەر دەبرد، شەو تا بەرەبەیان بە ئاگابوو، هەر خەریكی یاری بوو، دواتریش تاوەكو نزیكەی سەعات دووی دوای نیوەڕۆ دەنووست".
 
باوكی محەممەد باسی ئەو بەیانییە دەكات كە كوڕەكەی تێدا كوژراو دەڵێت: "سەعات نۆی بەیانی پەیوەندیم بە محەممەدەوە كرد بۆ ئەوەی بزانم كەی دێتەوە ماڵەوە، جاری یەكەم وەڵامی نەدایەوە، پاش پێنج خولەك پەیوەندیم پێوەكردەوە، ئەمجارەیان یەكێك وەڵامی دایەوە و گوتی من پۆلیسم، خاوەنی ئەم مۆبایلە كوژراوە، مۆبایلەكەم لەدەست بەربووەوە، باوەڕم نەكرد و پێموابوو گاڵتەم لەگەڵ دەكەن. مۆبایلەكەم هەڵگرتەوە،  گوتم كوڕەكەم گاڵتە مەكە بیدەوە كوڕەكەم. گوتی مامە من گاڵتە ناكەم پۆلیسم، كوڕەكەت كوژراوە".
 
سەبارەت بە پەیوەندی كوڕەكەی و بكوژەكان، عەلی شەریف دەڵێت: "ئەوانە هاوڕێی كوڕە بچووكەكەم بوون، نازانم بۆچی محەممەد ئەو رۆژە چووە بۆ لایان، چاوەڕێم پۆلیس دەستگیریان بكات بۆ ئەوەی بزانم بۆچی كوڕەكەمیان كوشتووە".
 
ئەو شتانەی لەبارەی كوڕەكەیەوە دەگوترێن بۆ عەلی شەریف زۆر تازەن، بە تایبەتی مەسەلەی بەكارهێنانی تریاك و حەبی هۆشبەر. ئەو دەڵێت: "من بە هیچ جۆرێك ئەو شتانەم لای كوڕەكەم نەبینیوە، ئەو شتانەی نەهێناوەتە ماڵەوە و نازانم كەی كوڕەكەم ئەو شتانەی بەكارهێناوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.