سێ‌ خۆبەخشی ئەمریكی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر دەكرێن

19-12-2016
هانا لینچ
نیشانەکردن كورد شەڕڤان رۆژئاوای كوردستان شنگال ئەمریكا كەنەدا
A+ A-

رووداو- هەولێر

كۆنە سەربازێكی كەنەدییە، شەش مانگ لەگەڵ هێزە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاڤا لە دژی چەكدارانی داعش شەڕی كردووە، كە خۆی بە "شەیتان" ناویان دەبات، بەڵام دواجار خۆی لەنێو یەكێك لە گرتووخانەكانی هەولێر بینییەوە، بەبۆچوونی خۆی سیاسەت و پەیوەندییە سیاسییە ئاڵۆزەكانی كورد هۆكاری دەستگیركردنی بووە.

مایكڵ كێنێدی لەگەڵ پێنج شەڕكەری خۆبەخشی بیانی لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوە دەستگیر كرا، كاتێك هێزەكانی ئاسایش بۆیان دەركەوتبوو ماوەی ڤیزای هاوڕێكانی مایكڵ بەسەرچووە. بەڵام ئەو خۆبەخشە كەنەدییە بۆچوونێكی جیاوازی هەیە و پێیوایە خۆی و دوو ئەڵمانییەكە و سێ ئەمریكییەكە، بەهۆی ناكۆكیی سیاسی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان دەستگیركراون.

بەڵام سەرچاوەیەك لە ئاسایشی گشتیی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، رەتیكردەوە هۆكاری سیاسی لە پشت دەستگیركردنی ئەو شەش بیانییەوە بێت. سەرچاوەكەی ئاسایش بە (رووداو)ی گوت ئەوان پێشتر ئاگادار كرابوونەوە كە ئەو شەش كەسە لە هەرێمی كوردستانن. گوتیشی "ئەوان بە تۆمەتی بە نایاسایی بەزاندنی سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دەستگیركراون".

مایكڵ كێنێدی بۆ ماوەی 13 ساڵ لە هێزی دەریایی كەنەدا كاری كردووە، لە خێزانەكەیاندا ئەو تەنیا كەس نەبووە كە ئەزموونی سەربازی و جەنگیی دژی گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەكان هەبێت. كێڤین، برای مایكڵیش چووبووە نێو سوپای كەنەدا و لە شەڕی دژی بزووتنەوەی تاڵیباندا لە ئەفغانستان كوژرا.

شەڕڤانە كەنەدییەكە بەمجۆرە باسی هۆكاری هاتنی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان و رۆژئاڤا دەكات "دەمبینی ئەو شەیتانە (واتە داعش) كاریگەری لەسەر ئەو هەموو خەڵكە بێتاوانە داناوە و گوێی لە ژیانی مرۆڤ نییە. هەر ئەمە هانیدام بۆ ئەوەی بێمە نێو جەنگی دژی داعشەوە".

بۆ ئەم مەبەستەش، سەرەتا بیری لەوە كردبووەوە جارێكی دیكە ناوی خۆی لە سوپای كەنەدا تۆمار بكات و لەگەڵ ئەو هێزانەی حكومەتی كەنەدا بێت كە مەشق بە پێشمەرگە دەكەن، بەڵام ئەمە دڵی ئەوی رازی نەدەكرد، مایكڵ دەیویست لە مەیدانەكانی جەنگدا رۆڵی هەبێت و دەرفەتی ئەوەشی هەبێت لەگەڵ كولتووری كورد تێكەڵاو بێت، وەكوو خۆی گوتی "بەر لە هەموو شتێك بە نیاز بووم لەبارەی مێژووی خەباتی ئەو گەلەوە شت فێر ببم".

مایكڵ ئەم خەباتە بە هی خۆی دەزانێت و تەنانەت ناوی خوازراوی "شۆڕش"ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە. ئەو دەڵێت "ناچێتە عەقڵەوە ئێمە لە كۆمەڵگایەكی مۆدێرندا بژین و ئەم گەلە هەتا ئێستاش لەپێناوی پاراستنی شوناسی خۆیدا خەبات بكات".

مایكڵ لە رێگەی هاوڕێیەكی خۆیەوە كە پێشتر وەكوو تیمی پزیشكی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەی سلێمانی كاری كردبوو، پەیوەندی لەگەڵ پێشمەرگە دروستكردبوو، ماوەی مانگێكیش لەگەڵ پێشمەرگەكانی یەكێتی لە كەركووك بووە و دواتر چووەتە ناو هێزەكانی یەپەگە لە رۆژئاوا و پێنج مانگ لەوێ ماوەتەوە، پاشان هاتووەتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) بووە.

شەڕڤانە كەنەدییەكە سوورە لەسەر ئەوەی كە جگە لە بەسەرچوونی ماوەی ڤیزاكانیان، پەیوەندیی خۆی و هاوڕێكانی لەگەڵ یەپەگە هۆكارێكی دیكەی دەستگیركردنیان بووە. ئەو دەڵێت "پارتەكانی كوردستان زۆر بە سەربازی كراون، ئەمەش زیانی گەورە بە هەموو خەڵكی كوردستان و خەباتی كورد بۆ سەربەخۆیی دەگەیەنێ".

دیندار زێباری، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە دیمانەیەكی ناوەندی میدیایی  (CBC)ی كەنەدیدا رایگەیاند، هۆكاری دەستگیركردنی ئەو شەش كەسە ئەوە بووە كە "بەشێوەیەكی نایاسایی لە سووریاوە و لە رێگەی شنگالەوە هاتوونەتە نێو سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان".

مایكڵ كێنێدی ماوەی یەك هەفتەی لە زیندان بەسەر برد، بە گوتەی خۆی رەوشی زیندانەكە یەكجار خراپ بووە، دەشڵێت بایی 2000 دۆلار كەلوپەلی لەلایەن ئاسایشەوە لێ بردراوە. بەڵام سەرچاوەكەی ئاسایش رایگەیاند كەلوپەلەكانی مایكڵ كە هەتا ئێستاش دەستیان بەسەردا گیراوە، پاش تەواوبوونی رێوشوێنە یاساییەكان بۆ خاوەنەكەی دەگەڕێنرێنەوە.

كێنێدی ئێستا لە كەنەدایە و ماوەی كریسمەس لەگەڵ خێزانةكەی خۆی بەڕێدەكات. دوو هاووڵاتییە ئەڵمانییەكەش دواتر ئازادكران، بەڵام هەتا كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە سێ ئەمریكییەكە لە زیندان ماون.

سەرچاوەكەی ئاسایشی گشتی بۆ (رووداو)ی پشتڕاست كردەوە كە سێ ئەمریكییەكە هەتا ئێستاش دەستبەسەرن و كەیسەكەیان رەوانەی دادگا دەكرێ.

كۆتایی گەشتەكەی كێنێدی بۆ كوردستان خۆش نەبوو، هەر بۆیە دەڵێت "من نەچوومە كوردستان بۆ ئەوەی تێكەڵ بە سیاسەت بكرێم، تەنیا بۆ ئەوە چووم كە لە جەنگی دژی داعش یارمەتی خەڵكی كوردستان بدەم و ژیانی خەڵكی بێتاوان رزگار بكەم. بەڵام بەداخەوە وەك بیانییەك هەر دەبێ لە سیاسەت تێوەبگلێین، چونكە دواجار دەبێ گرووپێك هەڵبژێرین و لەگەڵیان بین". كێنێدی دەڵێت "سیاسەت هەموو شتێكی تێكدا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە