حاجی مەکی خاوەنی زیاتر لە 3330 بەرهەمی هونەری بووە
رووداو - سلێمانی
مەكی عەبدوڵڵا، ئەو هونەرمەندەی لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەشاشەی تەلەڤیزیۆنەكانەوە بووە هونەرمەندێكی دیاری سەردەمەكەی خۆی، دوای 76 ساڵ لە بەڕێكردنی ژیان، لەو خاكەدا نێژرا كە ویستی لەڕێگەی هونەرەكەیەوە خزمەت بەخەڵكەكەی بكات.
ئاری جەمیل، زاوی حاجی مەكی لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی "حاجی مەکی زۆر حەزی دەكرد تەندروستی باش ببێتەوە و بچێتەوە سەر تەختەی شانۆ یان بچێتەوە كەناڵەكانی تەلەڤیزیۆن و خزمەت بەبواری هونەری بکاتەوە، بەڵام نەیتوانی و ئاواتەكەی نەهاتەدی".
یادەوەری و خەرمانی كارەهونەرییەكانی حاجی مەکی جێگەی خۆشەویستی و شانازیە بۆ هاوڕێیانی. كاتێك خەڵكی ناوی مەكی عەبدوڵڵا دەهێنن، دەڵێن كێ هەیە دوای كۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە نواندنی (باوەژن خوابناسە) و (ژن بەژن)ی لەیادەوەریدا بسڕێتەوە .
عوسمان کاروانی، بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سلێمانی، كە بەشداری مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەی کرد گوتی، هونەرمەند مەکی عەبدوڵڵا توانی بەهونەرەكەی خزمەتێكی گەورە بەبواری هونەری بكات و كارو كاریگەر بوو لەناو دڵی خەڵكی شاری سلێمانی.
ساڵی 1953 لەشاری كەركووك بە شانۆگەری (یاسا بەپێكەنین) بۆ یەكەمینجار چۆتە سەرشانۆ، لە زیاتر لە سێ هەزار و 330 بەرهەمی هونەریدا كاریكردوە . لەساڵی 1960 دەستیكردووە بە ئامادەكردنی فیلمی (نێرگز بووكی كوردستانە) لەساڵی 1991 وەكو یەكەمین فیلمی سینەمایی كوردی چووەتە سەر شاشەی سینەماكان.
سەردار خدر، کە وەک هونەرمەندێک لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی مەکی عەبدوڵڵا ئامادەبوو گوتی " لەدوو سێ كاری هونەری لەگەڵیدابووم، بەڵام بەڕاستی من گلەیی لە هونەرمەندان و شانۆكاران دەكەم كەدەبوو لەم رۆژەدا لێرە بوونایە، چونكە ئەو كاتێك نواندنی دەكرد ئەوان هیچیان لەدایك نەبووبوون."
مەكی عەبدوڵڵا لەساڵی 1939 لەشاری ئامێدی پارێزگای دهۆك لەدایكبووە، بەهۆی ئەوەی باوكی فەرمانبەری گومرگ بووە لەوێ ژیاوە. دوای بەسەربردنی سێ ساڵ بەئازاری نەخۆشی گورچیلەوە شەوی 18-12-2015 لە سلێمانی كۆچی دواییكرد.