کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی.. بەرەو چارەسەرکردن یان لێکترازان

19-12-2014
عومەر شایان
رووداو
رووداو
نیشانەکردن یەکێتی کۆسرەت رەسوڵ
A+ A-

رووداو  -هەولێر

"یان چارەسەركردنی كێشەكان یان لێكترازان"، ئەمە دوایین هەڵوێستی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بوو، كە ئێستا لە غیابی تاڵەبانی، كەسی یەكەمی ئەو حیزبەیە بە پێی پەیڕەو، بەڵام لە واقیع لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەركردایەتی باڵێكی ناڕازی دەكەن لەبەرامبەر باڵی بەهێز و خاوەنی بڕیاری یەكێتی بە سەركردایەتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد.

چەند رۆژێك لەمەوبەر 17 ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە جێگرانی سكرتێری گشتییەوە نامەیەكیان بڵاوكردەوە و جارێكی دیكە داوای "كۆنگرەی شەرعی" و دیاریكردنی ناوەندی بڕیاردان و شەفافی دارایی حیزبیان کرد.

كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و هاوبیرەكانیان دەڵێن، دەبێ یەكێتی خاوەنی سەربەخۆیی بڕیاردان بێ و مەكتەبی سیاسی مەرجەع بێت. ئەمەش دوای ئەوەی لە چوار قۆناخی یەكلاكەرەوەی رابردوودا وەك خۆیان دەڵێن، گوێ لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەگیراوە و بڕیارەكان لە ماڵی تاڵەبانی لە دەباشان دراون.

لە كاتی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاربوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی كاندید دیاریبكات بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت ، كە حاكم قادر حەمەجان چانسی زۆری هەبوو بۆ ئەو پۆستە، بەڵام لە دواییدا قوباد تاڵەبانی، کرایە جێگری سەرۆكوەزیران و مەكتەبی سیاسی تەنیا پیرۆزباییان كرد.

قۆناخێكی دیكەش یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بوو کە زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێیان باشبوو بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە دیاری بکرێت، بەڵام باڵەکەی دیکەی یەكێتی توانییان ئەو پۆستە بۆ فوئاد مەعسووم یەکلایی بکەنەوە.

شەڕی داعش و رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان قۆناخێکی دیکە بوو، كە بەقسەی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی ، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، پۆستەكانیان لەنێوان هەردوو هێزدا دابەشكرد.

هاوکات لایەنێكی دیكەی ناکۆکییەکان، بەڕێوەبردنی دارایی و راگەیاندنی یەكێتییە، كە وەك بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە باسی دەکەن، بە تەواوەتی لە كۆنتڕۆڵی مەكتەبی سیاسی دەرچووە و چەند كەسێكی كەم بەرێوەیان دەبەن، كە زۆربەیان سەر بە خانەوادەی تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەدن.

ئەرسەلان بایز، سەركردەی دیاری یەكێتی، كە وەك خۆی دەڵێ سەر بە هیچ یەکێک لە باڵەكان نییە و خۆی مەرجەعی خۆیەتی دەڵێ، دۆخی یەكێتی مەترسیدارە، بەشێوەیەك، كە دوای سێ ساڵ بێدەنگی، ئیدی ناتوانێ بێدەنگ بێ كاتێك دەبینێ حیزبەكەی لە مەترسیدایە و هۆشداری روودانی "ئینشیقاق" و دوولەتبوونی حیزبەكەی دەدات.

سەرەتای هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەی نێوان هەردوو باڵی یەکێتی ئەنجامدرا و بە گوتەی ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا "هەردوولا نەرمییان بەرامبەر بە یەک نواندووە و کۆبوونەوەکە بەگشتی ئیجابی بووە، بڕیاریشدراوە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ وردەکاری نامەکەی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح".

 بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا" هەر یەک لە کۆسرەت رەسوڵ، حاکم قادر، عومەر فەتاح، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیار ئامادە بوون باڵەکەی دیکەی یەکێتی نامەکەی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵحیان بەو جۆرە وەرگرتووە کە قابیلی گفتوگۆکردنە و هەر بەو هۆیەشەوە بوو کە بڕیاردراوە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بچنە سەر وردەکارییەکانی داواکراو لە نامەکەدا".

كۆسرەت رەسوڵ لە دواین هەڵوێستیدا لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوخۆی حیزبەکەی دەڵێت كۆبوونەوەیەكی ئیجابیان ئەنجامداوە و بڕیاریانداوە، كە " رێكبكەون لەسەر وردەكاری‌ چارەسەركردنی‌ كێشەكان تاكو بڕیاری‌ یەكێتی‌ بڕیاری‌ شەرعی‌ بێت ‌و راگەیاندنی‌ یەكێتی‌ بەئاراستەی‌ خزمەتی‌ یەكێتی بڕوات".

كۆسرەت رەسوڵ بە روونی روودەكاتە باڵەکەی دیکەی یەکێتی کە هەندێک لە سەرکردەکانی ئەو حیزبە بە باڵی دەسترۆیشتوو ناویدەبەن، پێیان دەڵێت ئەمجارە یان كێشەكان چارەسەردەكەین یان ئەوەتا لێكترازان روودەدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە