منداڵێک لە هەورامانی تەخت 38 چارەگە لیرە دەدۆزێتەوە و بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
قوتابییەک لە شارۆچکەی هەورامانی تەخت 38 چارەگە لیرەی زێڕی دۆزییەوە و دەیداتە دەستی دایک و باوکی و ئەوانیش رادەستی خاوەنەکەیان کردووەتەوە. لەنێو هاوڕێکانی بە "قارەمان" ناوبانگی دەرکردووە.
 
دیار فەتحی ئەو قوتابییەیە و تەمەنی 10 ساڵە، چیرۆکی دۆزینەوەی لەو بڕە لیرەیە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "کاتێک چوومە قوتابخانە، هەموو بانگیان دەکردم پاڵەوان، پاڵەوان. دواتر مامۆستاکەمان هات و چەپڵەیان بۆ لێدام و تەواو بوو."
 
چۆن زێڕەکانی دۆزییەوە؟
 
دیار لیرەکانی لە نێو ئاودەستی مزگەوتی پیرشالیاری هەورامان تەخت دۆزیوەتەوە. رۆژی هەینی 15ی تشرینی دووەمی2024، میوانیان زۆر بووە و ئاودەستی ماڵی خۆیان بەر نەکەوتووە، بۆیە دیار چووەتە مزگەوت بۆ نوێژکردن و لەوێ لیرەکانی دۆزیوەتەوە.
 
ئەو منداڵە 10 ساڵە بۆ نوێژکردن چووەتە مزگەوتەکەکە و لەدوای نوێژ قووتوویەک دەدۆزێتەوە و دەڵێت: "هێنامەوە ماڵەوە و پێشانی باوکم دا. کردمەوە بزانم چی تێدایە، بینیم لیرەی تێدایە. باوکم گوتی لیرەکان هی کێ بێت، دەیگەڕێنینەوە بۆی و بۆخۆمانی هەڵناگرین. منیش گوتم باشە و رامانگرت تاوەکو خاوەنەکەی هات و لیرەکانمان بۆی گەڕاندەوە. کاتێک لیرەکانم پێی دایەوە، خاوەنەکەی گوتی بە دیاری دوو لیرەت پێدەدەم. گوتم، دەستخۆش، نامەوێت."
 
بەرزان فەتحی، باوکی دیارە: "گوتم رۆڵە ئەمە بە ئێمە ناخورێ و خاوەنیان هەیە و دەبێ بۆی بگەڕێنینەوە. گوتی، چۆن خاوەنەکەی بدۆزینەوە؟ گوتم لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. گوتم دەنگ مەکە هەتا دایدەنێینە سەر کەناڵێک، چونکە ژمارەیان زۆرە و ناکرێ متمانە بە هەموو کەسێک بکەی. بۆ بەیانییەکەی لەسەر کەناڵ داماننا."
 
ئەو هاونیشتمانییەی لیرەکانی ون کردبوو، خەڵکی گوندێکی هەورامان و دانیشتووی مەریوانە. بە ونبوونی لیرەکانی نەزانیوە تاوەکو چووەتەوە ماڵی خۆی لە هەورامان. ئەو لیرەکانی بە قەرز وەرگرتبوو، بیانفرۆشێ بۆ ئەوەی کوڕەکەی پێ بەڕێ بکات بۆ هەندەران.
 
بەهای 38 چارەگە لیرە بە نرخی ئەم رۆژانە دەکاتە زیاتر لە 600 ملیۆن تمەن یان نزیکەی 10 هەزار دۆلار.
 
پارەکە بۆ خێزانێک کە لە رووی ئابوورییەوە مامناوەند بۆ خوارەوەن، کەم نییە، بەڵام تەماح نەیتوانی زەفەر بە دڵی گەورە و دەستی پاکی دیار و دایک و باوکی بەرێت. بەوەش پێگەیەکیان بەدەستهێنا کە بە پارەیەکی زۆر زیاتریش نەیاندەتوانی بیکڕن.