پارێزگای هەولێر: ئەو رێستۆرانتە داخرا کە بانگەشەی خواردنی ئێجگار گرانبەهای دەکرد
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ بە فەرمانی پارێزگار، ئەو رێستورانتەی بانگەشەی فرۆشتنی خواردنی ئێجگار گرانبەهای دەکرد، داخرا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر، ئەو رێستۆرانتەی لە هەولێر بانگەشەی فرۆشتنی جۆرێک خواردنی بە ناوی پیرۆزی کوردستان بە نرخێکی گرانبەها و ئێجگار بەرز دەکرد و، بەهۆی پابەند نەبوونی بە یاسا و رێنماییەکان، داخرا."
بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو رێستۆرانتە بانگەشەی کردووە یەک ژەم خۆراک بە 80 هەزار دۆلار دەفرۆشێت و ناوی پیرۆزی کوردستانیشی بۆ ئەو کارە خراپەی بەکارهێناوە، بۆیە پارێزگار فەرمانی داخستنی داوە."
دوای فەرمانەکەی ئومێد خۆشناو، لە رێگەی پۆلیسەوە رێستۆرانتەکە قوفڵی لێدرا و داخرا.