هاوپەیمانیی عەرەبی داوا لە سوودانی دەکات رێکارەکانی سەرژمێری لە کەرکووک رابگرێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرپەرشتیارانی پرۆسەی سەرژمێری دەکات، دەستبەجێ رێکارەکانی سەرژمێریی دانیشتووان لە کەرکووک رابگرن.
بەپێی راگەیێندراوێک کە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 هاوپەیمانیی عەرەبی بڵاویکردووەتەوە تێیدا داوا دەکات "ئەو دەستوەردانانە رابگیرێن کە بەرپرسانی حیزبی و کارگێڕی و یاسادان دەیکەنە سەر تیمەکانی سەرژمێریی دانیشتووان بۆ تۆمارکردنی ئەو خەڵک و خێزانانەی کە خەڵکی رەسەنیی کەرکووک نین."
لایەنە عەرەبییەکە پێیوایە، "ژمارەیەکی زۆر"ـی خێزانەکانی دەرەوەی پارێزگاکەیان تۆمارکردووە، کە خەڵکی کەرکووک نین، ئەوەش بە مەبەستی سەپاندنی دۆخێکی نوێی نیشتەجێبوون.
هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک دەڵێت، دۆخی پارێزگاکە هەستیارە، "هەر دەستکارییەکی نایاسایی دۆخی دانیشتووانی کەرکووک کێشە گەورەی لێدەکەوێتەوە، هەڕەشەیە بۆسەر سەقامگریی شارەکە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، هاوپەیمانییە عەرەبییەکە داوا دەکات پشت بە ئەنجامی ئێستا سەرژمێریی نەبەسترێت و لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێشلکارییانە.