دوای داخستنی بازگەی پردێ بۆ نزیکەی 3 کاژێر رێگە بە هاونیشتمانییان درا بچنە نێو کەرکووک

29 خولەک له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی بۆ چەند کاژێرێک بازگەی پردێ بەڕووی هاونیشتمانییانی خەڵکی کەرکووکی نیشتەجێی هەولێر داخرا، پارێزگاری کەرکووک کێشەکەی چارەسەر کرد و بازگەکە کرایەوە. 
 
شەوی سێشەممە، 19-11-2024، هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بازگەی پردێ رایگەیاند، "لە بازگەی پردێ رێگە بۆ هاونیشتمانییان کرایەوە بۆ ئەوەی بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرۆسەی سەرژمێری بچنە نێو کەرکووک."
 
هیوا حوسامەدین لە کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "لە کاژێر 9:00ـی شەوەوە لە بازگەی پردێ رێگە لە هاونیشتمانییان دەگیرێت بچنە نێو کەرکووک بە مەبەستی بەشداریکردن لە سەرژمێرییەکەدا". 
 
لە کاتی رووماڵەکەدا رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هیوا حوسامەدین کرد و لە پەخشی راستەوخۆدا گوتی، "ئێستا کێشەکە چارەسەر دەکەم."
 
کێشەیەکی سەرەکی ئەوەبوو، ئەو هاونیشتمانییانەی شوێنی لەدایکبوونیان هەولێر بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بازگەکەوە رێگەیان لێدەگیرا بچنە نێو کەرکووک. 
 
پارێزگاری کەرکووک لە پەیوەندییە تەلەفۆنییە راستەوخۆکەدا بە رووداوی راگەیاند، "رێگە بۆ هەموویان دەکەمەوە."
 
کەمێک دوای پەیوەندییەکەی پارێزگاری کەرکووک، عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تەلەفۆن بە هیوا حوسامەدینی گوت، "تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەو رێگە بۆ هەموو هاووڵاتییان دەکرێتەوە و دەتوانن بچنە نێو کەرکووک."
 
رۆژانی 20 و 21-11-2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە