لە کەرکووک لەسەر سکاڵای لایەنە عەرەبی و تورکمانەکان رێکاری ئەمنیی تووند گیراوەتەبەر

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی کوردانی رەسەنی کەرکووک بۆ تۆمارکردنیان لە سەرژمێریی گشتی گەڕانەوە پارێزگاکەی خۆیان، هەریەک لەبەرەی تورکمانی و هاپەیمانیی عەرەبی بە دوو بەیاننامە رایانگەیاند، گوایە "ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە دەرەوەی کەرکووک هێندراونەتە پارێزگاکە و سکاڵایان لەسەر ئەو پرسە گەیاندووەتە سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی عێراق."

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەپارێزگای کەرکووک بەرووداوی راگەیاند: "بەفەرمانی سەرۆککوەزیران و وەزیری ناوخۆ رێکاری ئەمنی لە بازگەکانی سەر رێگای کەرکووک - سلێمانی و کەرکووک- هەولێر تووند گیراوەتەبەر و لەبەڵگەنامەی هاونیشتمانییان دەپرسنەوە."
 
سەرچاوەکە گوتیشی، "دروستبوونی قەرەباڵخیی زۆری بازگەکان خەڵک و ئەو کەسانەی هەراسان کرد کە پێیدا تێدەپەڕن، پارێزگاری کەرکووک لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان و پۆلیس هەماهەنگیان کردووە بۆ ئەوەی رێکارە ئەمنییەکان بەخێرایی بکرێن و خەڵک زۆر نەمێنێتەوە."
 
لەلایەکی دیکەشەوە، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی سەرژمێریی گشتی گوتی: "قەدەخەی هاتووچۆ وەک خۆی جێبەجێدەکرێت و سەرپێچی کار سزا دەدرێت، لەپێناو ئەنجامدانی سەرژمێری بەشێوەیەکی باش و بێ کێشە."