ئامادەکاری بۆ قەدەخەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان کراوە؟
رووداو دیجیتاڵ
دوای کاژێر 12:00ی ئەم شەو قەدەخەی هاتووچۆ لە هەموو هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. جێگری پارێزگاری دهۆک دەڵێت، "ئەو کەسانەی پابەندی قەدەخەی هاتووچۆ نابن، دەدرێنە دادگە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی سەرژمێرییەوە لە کاژێر 12:00ـی شەوی 19ـی مانگ تاوەکو 12:00ـی شەوی 21ـی مانگ قەدەخەی هاتووچۆیە.
رۆژی سێشەممە 19ی تشرینی دووەم، سەرچاوەیەک لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئامادەکاریەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو قەدەخەیە کراوە. لە کاژێر 12ـەوە هێزە ئەمنییەکان لە شەقامەکان دەبن".
هاوکات ماجد سەیدساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "48 کاژێر قەدەخەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان دەبێت. لە پارێزگای دهۆک هەموو ئامادەکاریەک کراوە. کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە."
جێگری پارێزگاری دهۆک گوتی، "هەر کەسێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت، بە پێی یاسا دەدرێتە دادگا."
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانیش بە رووداوی گوت، "هەموو ئامادەکارییەکان کراون و داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین رۆژانی 20-21ی مانگ لە ماڵەکانیان بمێننەوە تاوەکو زانیارییەکان بە راستی بە کارمەندەکانی سەرژمێری بڵێن و ناویان بچێتە تۆمارە فەرمییەکان."
لە بارەی ئامادەکارییەکان لە پارێزگای هەڵەبجە، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ رووداو دەڵێت، "کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە. ئامادەکارییەکان کراون."
سبەی چوارشەممە و دوو سبەی پێنج شەممە سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
17-11-2024 وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردووە، چوونە دەرەوە و هاتووچۆی نێو شارەکان و نێوان شارەکان سنووردار دەبێت، جگە لە تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، کارمەندانی تەکنیکیی کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن، کارمەندانی ئێشکگری کۆمپانیای بواری نەوت و وزە، دەرمانخانەکانی ئێشکگر، رۆژنامەنووسان، نانەواخانە و سوپەرمارکێتەکان بۆ خۆراکی سەرەکی، هەروەها هەر دامودەزگایەکی دیکەی کەرتی گشتی و تایبەت کە سرووشتی کارەکانیان پێویستە.