'زاگرۆسانە' هەڵمەتێکی ژینگەییە بۆ سەوزکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان و 85 رێکخراو تێیدا بەشدارن

رووداو دیجیتاڵ

85 رێکخراوی ژینگەپارێزی و شاخەوانی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتێکی چاندنی تۆو و نەمامیان راگەیاندووە و دەڵێن، چالاکییەکەیان 25 رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە، 19 تشرینی دووەمی 2024 لە رۆژهەڵاتی کوردستان 85 رێکخراوی ژینگەپارێزی و شاخەوانی "هەڵمەتی زاگرۆسانە"یان راگەیاند کە بەپێی گوتەی خۆیان ئاماجیان "هۆشیارکردنەوەی خەڵک و پاراستن و هێشتنەوەی دارستانەکانی زاگرۆسە." 
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەو رێکخراوانەدا باس لەوە کراوە کە هەڵمەتەکە 25 رۆژ بەردەوام دەبێت و لە 1ـی سەرماوەرزەوە دەستپێدەکات و "هەزاران تۆو و نەمام دەچێنردرێت."
 
ئەو رێکخراوە ژینگەپارێزیانە باس لەوە دەکەن، لە چالاکییەکە لە کاتێکدایە، "سووتان، داگیرکردن، بنبڕکردن و نەخۆشی بوونەتە مەترسی و هەڕەشەی گەورە لەسەر دارستانەکانی زاگرۆس."
 
بە گوتەی ئەوان "هەڵمەتی زاگرۆسانە بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و تێکەڵکردنیان بە رەوتی ژینگەپارێزی دەکرێت."