لە چۆڵەوانییەوە بۆ ئاوەدانی؛ سەرجەم دانیشتووانی گوندێکی قەراج بۆ سەرژمێری گەڕانەوە گوند

19-11-2024
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی گردە رەشە لەکاتی گەڕانەوە بۆ گوندەکەیان بۆ بەشداری لە سەرژمێری. وێنە: رووداو
ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی گردە رەشە لەکاتی گەڕانەوە بۆ گوندەکەیان بۆ بەشداری لە سەرژمێری. وێنە: رووداو
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
 
رووداو - قەراج

گردە رەشە، بەهۆی سەرژمێرییەوە، لە گوندێکی چۆڵ و ماتەوە بووەتە گوندێکی ئاوەدان؛ ئەگەر رۆژانێک تەنیا دوو ماڵ لەو گوندە ژیابن، ئێستا هەموو دانیشتووانی گەڕاونەتەوە بۆ بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێری.
 
سەعدی عەلی دەروێش، دانیشتوی گوندی گردە رەشە دەڵێت، "پێش سەرژمێری دوو ماڵ بووین، ئێستا زۆرین و 60 خێزانین، لە ماڵی من سێ خێزانین، خۆم و دوو کوڕەکەم، پشتیوان بە خودا کێشە نییە و ناشبێت."
 
لەمێژە گوند قەرەباڵخی و ئاوەدانیی وا بەرفراوانی بەخۆیەوە نەبینیوە؛ سەرژمێری بووەتە هەلێک تاوەکو کۆنە خزم و دۆستان بەدەوری یەکدییەوە کۆببنەوە.
 
یاسین رەسووڵ، دانیشتوی گوند داوا لە خەڵکی قەراچ و کەمدێ ناوە دەکات، بە قسەی هیچ کەسێک نەکەن و بگەڕێنەوە لە گوندی خۆیان ناویان بۆ سەرژمێری تۆمار بکەن، دەشڵێت، "بۆ خۆمان باشترە، ناوچەی خۆمانە و ئاوەدانی دەکەینەوە، ئەگەر ئەم گوندە 200 ماڵ بێت، داوا لە حکومەت دەکەین شتمان بۆ بکات، ئەگەر دوو ماڵ بێت هیچمان بۆ ناکەن."
 
دایە فاتم منداڵی و گەنجێتی لە گوندی گردە رەشە بەسەربردووە؛ لە تەعریب بۆ کۆمەڵگەی زۆرەملێی دیبەگە گواسترانەوە و دوایی بە یەکجاری لە هەولێر گیرسانەوە.
 
فاتیمە حەمە شەریف، دانیشتوی گوندی گردە رەشە دەڵێت، "هاتمەوە گوند یادەوەریی کۆنی بیرهێنامەوە، ئەو هەموو خانووەمان بە خشت کردبوو، هەموویان لێ تێکداین، دیسان سەرلەنوێ دەیکەینەوە."
 
هەرچەند تیمەکانی سەرژمێری هیچ کوردێکیان لەگەڵدا نییە، بەڵام دەڵێن جیاوازی ناکەن.
 
عادل ساڵح، کارمەندی سەرژمێری گوتی، "هەر لە سەرەتاوە بە چڕی دەستمان بە کارکردن کردووە، بەتایبەت ئەم ناوچانە، چونکە کاژێر 05:00 دەبێتە قەدەخەی هاتووچۆ بەهۆی ناجێگیریی رەوشی ئەمنی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەندێک دوابکەوین، گوندەکانیش زۆرن، بەڵام توانیمان تەواویان بکەین و چەندین ئامێرمان خستووەتە کار."
 
بەهۆی مەترسیی داعش و لێکەوتەکانی دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، زۆربەی گوندە کوردییەکانی قەراج چۆڵ کرابوون، بەڵام بەرپرسانی کورد لە ناوچەکە دەڵێن، بۆ پرۆسەی سەرژمێری نزیکەی 70%ی دانیشتووانیان گەڕاونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەڵاحەدین بەهائەدین، وێنە؛ ئەرشیڤ

بۆ مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەی، یەکگرتوو پەیڕەوی نێوخۆی هەموار دەکاتەوە

ئەندامێکی کۆنگرەی 9ـی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت لەم کۆنگرەیەدا هیچ کەسێک خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی بەربژێر ناکات و هەمووان کۆدەنگن لەبارەی مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەیدا.