رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، پێویستە تورکیا و سووریا کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکەن.
رۆژی سێشەممە، 19ی تشرینی دووەم، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران لەگەڵ بەسام سەباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا قسەیان کرد.
عەباس عێراقچی سەبارەت بە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی رایگەیاند، "گفتوگۆیەکی باش و ئەرێنیمان هەبوو. باسمان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد، لەوانە شەڕی غەززە و لوبنان و پەیوەندییە پتەو و ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات. ئێمە لەگەڵ گەل و حکومەتی سوریا بووین و دەبین."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی نێوان سووریا و تورکیا کرد و رایگەیاند، پێویستە ئەو دوو وڵاتە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکەن.
عەباس عێراقچی گوتی، "پێویستە رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا بگیرێت و پشتیوانی لە گرووپە تووندڕۆ و تیرۆریستییەکان لە سووریا بووەستێنرێت"
لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا گوتیشی، "ئێمە پشتگیری لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا دەکەین بە مەبەستی فراوانکردنی سەقامگیری ناوچەکە. پێمانوایە رێزگرتنی دوولایەنە لە یەکدی و رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی یەکدی مەرجی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیانە."
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، تاران بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە یەکپارچەیی سووریا دەکات و هەر چەشنە دەستوەردانێکی دەرەکی شەرمەزار دەکات.
سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تاران و دیمەشق، عەباس عێراقچی گوتی، "بەم زووانە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی ئابووری نێوان هەر دوو وڵات دەکرێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد و ئەمریکای بە دزینی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو وڵاتە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "ئێران دزینی وزەی سووریا لە لایەن ئەمریکاوە شەرمەزار دەکات."
وەزیری دەرەوەی سووریاش لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا ئاماژەی بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و رایگەیاند، "زیادبوونی گرژییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەماندا لە چوارچێوەی پڕۆژەی کۆنی ئەمریکی - زایۆنیدایە کە ئامانجی کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکەمانە و تیرۆریستان ئامرازێکن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە."
بەسام سەباغ گوتی، "لە ساڵی 2011ـەوە رووبەڕووی ئەو گرووپانە دەبینەوە. بێگومان توانیمان ئەو گرووپانە لە زۆر ناوچە دەربکەین".
سەباغ ئاماژەی بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی رابردوودا کرد و گوتی، سووریا پشتگیری لە مافی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکە دەکات.
سەردانی وەزیری دەرەوەی سووریا دوای سەردانی یەک لە دوای یەکی بەرپرسانی ئێرانی بۆ سووریا لە چەند رۆژی رابردوودا دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ