لە سۆران خانووی کرێ دەستناکەوێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە قەزای سۆران خانووی كرێ دەستناكەوێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی نووسینگەکانی خانووبەرە دەڵێت، "هۆکارەکە چڕیی دانیشتووان و هاتنی خەڵکی دەوروبەرە." خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرەش دەڵێت، "کرێی خانوو نزیکەی دوو هێندە زیاد بووە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 19-11-2024 حاجی جەبار سرێشمەیی، خاوەن نووسینگەی خانووبەرە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت، "هاونیشتمانییانی سۆران، لە نەبوون و كەمیی خانووی كرێ نیگەرانن؛ بە مانگ بەدوای خانوودا دەگەڕێن و دەستناكەوێت. دەتوانم بڵێم خانوو نییە بۆ کرێ."
 
چوونی خەڵکی دەوروبەر بۆ ناو سۆران کرێی خانوویان بەرزکردووەتەوە
 
بە گوتەی جەبار سرێشمەیی، بۆ کێشەی کەمیی خانووی کرێ دوو هۆکاری سەرەکی هەن ئەوانیش بریتین لەوەی، مۆڵەتی خانوو دروستکردن لەلایەن حکومەتەوە نادرێت و وەبەرهێنەران پرۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون لە سۆران دروست ناکەن.
 
ئەو خاوەن نووسینگەیە دەڵێت، "کرێی خانوو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووەتە دوو هێندە. خانوویەک ئەگەر پێشتر بە 150 هەزار دینار بووبێت، ئێستا بە 250 تاوەکو 300 هەزار دینارە و دەستیش ناکەوێت. ئەو خانووەشی بە 200 هەزار دینار بە کرێی دەگریت، بە کەڵکی ژیان نایەت."
 
تەیار گەردی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نووسینگەی خانووبەرەی قەزای ناوەندیی سۆران لەبارەی هۆکاری نەبوونی خانووی کرێ بە رووداوی گوت: "هۆکارەکە چڕی دانیشتووان و رووتێکردنی خەڵکی دەوروبەری شارەکەیە بە بەردەوامی. قەزای سۆران ناوچەیەکە شوێنە جوگرافییەکەی بۆ بازرگانی و ئابووری گرنگە."
 
رەجەب زوبێر، قایمقامی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەبارەی کەمی خانووی کرێوە بە رووداوی راگەیاند، "سەردانی خەڵکی بیانی و چڕی دانیشتووان هۆکاری ئەم کێشەیەن."
 
لەمەودوا مۆڵەت بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی سندووقی دەدرێت
 
لەبارەی مۆڵەتدان بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی سندووقی، قایمقامی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، "دەستیپێکردووە و تا ئێستا 1000 مۆڵەت دراوە بە هاونیشتمانیان."
 
رەجەب زوبێر دەشڵێت، "خانوو دروستکردن لە سنوورەکە بەردەوامە، بەڵام لەوانەیە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکەکەدا نەبێت."
 
بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنی نووسینگەی خانووبەرە لە سۆران لەبارەی چارەسەری پرسەکەوە دەڵێت، "مۆڵەتی زەوی سندووقی کاریگەرییەکی باشی دەبێت، کارێکی باشە و خەڵکێکی زۆر لێی سوودمەند بوون."
 
زەویی سندووقی، ئەو زەوییانەن کە چەپ و راستیان بەشێوەی زێدەڕۆ کراون بە خانوو، بەڵام تائێستا رێگە نەدراوە ئەوان بکرێنە خانوو، پێشتر بۆ کردنەوەی ئەو زەوییانە، خاوەن زەوییەکە دەبووایە 30٪ـی نرخی زەوییەکە بدات، بەڵام ئێستا بۆ 10٪ کەمکراوەتەوە.
 
کڕین و بەکرێدانی خانووبەرە زۆر کەم بووە
 
حاجی جەبار سرێشمەیی روونیکردەوە، "زۆربەی ئەو نووسینگانەی کە ئیشی خانووبەرە دەکەن لە سۆران، روو لە داخستنن و داخراون. هۆکارەکەی ئەوەیە کە کڕین و فرۆشتن و بەکرێدان لێرە زۆر کەمە، ئەستەمە خاوەن نووسینگەکان بتوانن کرێی نووسینگەکەیان پێ بدرێت. هەروەها ئەو زەوییانەی کە رێپێدانیان نەبێت لە سنووری ئیدارەی سۆران هەر نافرۆشرێن."
 
جەبار سرێشمەیی، لەبارەی گرانیی کرێی خانوو لە گەڕەکەکانی سۆران گوتی: "گەڕەکی شۆڕش کرێی تێدا گرانە و خانووێک دەگاتە 450 بۆ 500 هەزار دینار. راپەڕین و 26ی گوڵانیش بە هەمان شێوە کرێی خانوو تێیاندا گرانن. ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەوروبەری بازاڕی سۆران، هەموویان وان."
 
دەشڵێت، لە گەڕەکی کەندێ حاجی یووسفی کە خانووەکانی هەمووی "بێسەروبەرن و هەموو کەس ناچێتە نێو خانووەکانەوە"، لەوێ کرێ لە 200 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و خانوویش دەستناکەوێت.
 
چارەسەری کێشەی نیشتەجێبوون و خانووی کرێ 
 
تەیار گەردی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نووسینگەی خانووبەرە لە سۆران پێیوایە، "دابەشکردنی زەوی، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و ئاسانکردنی مۆڵەتی خانوو، رەنگە چارەسەری ریشەیی کێشەی نەبوونی خانووی کرێ و نیشتەجێبوونی خەڵکی ناوچەکەش بێت."
 
قایمقامی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەیدا، "پێدانی مۆڵەتی خانووبەرە بەردەوامە و دەستمان بە دروستکردنی نەخشەی نوێش کردووە، رەنگە تاوەکو ئاستێک پاڵەپەستۆ لەسەر ئەم پرسە کەمبکاتەوە."
 
لەبارەی چارەسەری ئەو کێشەوە، جەبار سرێشمەیی پێشنیاز دەکات، "سولفەی خانووبەرە دابەش بکرێت؛ کەسێک زەوییەکی هەیە کە زێدەڕۆ نییە ئاسانکاری بۆ بکرێت. هاوکات دابەشکردنی زەوی بەسەر خەڵکی هەژار و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، چارەسەرێکی باشن و سوودی زۆری دەبێت."