زیانەکانى نەگەڕانەوە بۆ رۆژى سەرژمێرى؛ ئاییندەى خاک، پشکى بودجە و کورسیی پەرلەمان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشداریى هاونیشتمانییانى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان، کاریگەرى لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە و پشکیان لە بودجە و کورسییەکانیان بۆ پەرلەمانى عێراق دەبێت. 
 
چەند کاژێرێک لەبەردەم هاونیشتمانییانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان ماوە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان، تاوەکو بەشداربن لەو سەرژمێرییەى رۆژانى 20 و 21ـی تشرینى دووەم دەکرێت. 
 
ئەو سەرژمێرییە، یەکەمجارە دواى 37 ساڵ لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت.
 
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکى لیژنەى باڵاى سەرژمێرى لە کاتی بەشداریکردنى لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال گوتی، ئەوەى دەگوترێت لە شوێنى خۆت بە و لەسەر شوێنى رەسەنت تۆمار دەکرێیت راست نییە، "دەبێت کەرکووکى لە کەرکووک بێت؛ ئەمە دوایین درەفەتە."  
 
دواى سەرژمێرى، روون دەبێتەوە پارێزگاکان پشکیان لە ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان چەند دەبێت.
 
یەکێک لە پێوەرەکانى دانانى پشکى بودجە بۆ پارێزگاکان ژمارەى دانیشتووانە، لە کاتێکدا بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، دەبێت دواى سەرژمێرى پێداچوونەوە بە ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمان بکرێت.
 
یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "نەگەڕانەوەى هاونیشتمانیان کاریگەریی لەسەر ژمارەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان دەبێت. ئەم سەرژمێرییە دەبێتە بنچینە بۆ داهاتوو." 
 
یاسین داودى گوتى، "ئەگەر لەکاتى سەرژمێریدا لە ناوچەکەت ئامادە نەبیت، دواتر ناتوانیت بڵێیت خەڵکى ناوچەکەم." 
 
بەگوێرەى مادەى 140ـی دەستوور، یەکلاییکردنەوەى چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکان بەگوێرەى گشتپرسى دەبێت لەو ناوچانە. 
 
گەڕانەوەى هاونیشتمانییان بۆ زێدی خۆیان و تۆمارکردنیان وەک خەڵکى ناوچەکە، کاریگەریی لەسەر چارەنووسى ناوچەکانیان دەبێت.
 
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لە داهاتوودا بۆ جێبەجێکردنى مادەى 140، پشت بە سەرژمێریی ئەم ساڵ دەبەسترێت و ئەوە دیاریی دەکات کێ خەڵکى ئەو ناوچەیەیە." 
  
5ـی تشرینى دووەمى 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دەستەى ئامارى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى زانیارییەکانى تایبەت بە تۆمارى سەرژمێری بەراورد بکەن، لەوانە تۆمارى سەرژمێریی ساڵى 1957 لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق، کە بۆ ناوچە کوردستانییەکان پشتى پێ دەبەسترێت.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرسی سەرپەشتیارى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان لە ناوچە جێناکۆکەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەگەر هاونیشتمانییانى ئەو ناوچانە نەگەڕێنەوە و لە ناوچەکانى دیکە ناویان تۆماربکەن، گەرەنتیی تەواو نییە کە لە شوێنى رەسەنى خۆیان تۆمار بکرێن. ئەو پرسە دەکەوێتە دەست وەزارەتى ناوخۆى عێراق."  
 
سەرژمێرى لەلایەن تیمێکى هاوبەشى کورد - عەرەب - تورکمان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لەو شوێنانەش کە کریستیانى تێدا دەژین، کەسێکیان وەک نوێنەرى ئەو پێکهاتەیە بۆ تیمە هاوبەشەکە زیاد دەکرێت.
 
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ سەرژمێریى ناوچە کوردستانییەکان ئەوەیە؛ هەردوو دەستەى ئامارى هەرێمى کوردستان و عێراق زانیارییەکانى تۆمارى وەزارەتەکانى بازرگانى، کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لەو ناوچانە بەراورد بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە