لیژنەی سەرژمێری بۆ خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان: ئەمڕۆ دواڕۆژە بۆ گەڕانەوەتان

19-11-2024
سۆران حوسێن
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێبەجێکاری سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ دوا رۆژە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ زێدی خۆیان بەمەبەستی تۆمارکردنیان لە سەرژمێریدا.
 
سبەی (چوارشەممە، 20-11-2024) سەرژمێریی گشتییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زیاتر لە 496 هەزار هاونیشتمانیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و لایەنە کوردستانییەکانیش داوا دەکەن، بۆ سەرژمێری بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
 
مەحموود عوسمان، جێبەجێکاری سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمڕۆ، دوایین کاتە بۆ گەڕانەوەی هەر کەسێک، کە بیەوێت لە ناوچە دابڕێنراوەکان سەرژمێری بکات." 
 
بەگوتەی مەحموود عوسمان، ئەمڕۆ تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەو، رێگە بە هاتووچۆ لەنێوان شارەکان دەدرێت و هەر کەسێک خەڵکی کەرکووک یان ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە بێت و تاوەکو ئەو کاتە نەگەڕێتەوە، لە بازگەکانەوە رێگەی چوونی پێ نادرێت.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە شنگال زیاتر لە 200 هەزار هاونیشتمانی، کەرکووک 155 هەزار، مەخموور زیاتر لە 100 هەزار، خوورماتوو 21 هەزار و لە خانەقینیش زیاتر لە 20 هەزار هاونیشتمانی لە دەرەوەی زێدی خۆیان دەژین.

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە