746 هەزار ئاوارەی عێراق لە هەرێمی کوردستانن؛ "لێرە تۆمار دەکرێن و ناویان ناگەڕێندرێتەوە"

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ملیۆنێک و 22 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین و زۆرینەیان لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون. بەرپرسێک لە لیژنەی سەرژمێری دەڵێت، "ناوی هیچ کەسێک نانێردرێتەوە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و بە دانیشتووی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن".
 
بەگوێرەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 688 هەزار و 975 کەسە. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 22 هەزار و 293 کەس لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئاوارە و پەنابەرن، کە دەکاتە 15٪ـی کۆی دانیشتووان.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، کە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاداری ئەم ساڵ ناوی ئاوارە و پەنابەرانی تێدا تۆمار کراوە، ملیۆنێک و 22 هەزار و 293 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستاندا دەژین. 746 هەزار و 174 کەسیان ئاوارەن و 276 هەزار و 119 کەسیشیان پەنابەرن. 
 
ئەوانەی ئاوارەی نێوخۆن لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئەوانەشی وەکو پەنابەر تۆمار کراون، زۆرینەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و بەشێکیشان خەڵکی رۆژهەڵات و باکووری کوردستانن.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، ئەو پەنابەر و ئاوارانەی نێوخۆ کە لە هەرێمی کوردستان دەژین 214 هەزار و 990 خێزانن؛ 134 هەزار و 282 خێزانی ئاوارەی نێوخۆ و 80 هەزار و 708 خێزانیان وەکو پەنابەر تۆمار کراون.
 
ژمارەی ئاوارەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
 
پارێزگای هەولێر: 42 هەزار و 400 خێزان، کە دەکاتە 247 هەزار و 338 کەس.
 
پارێزگای سلێمانی: 23 هەزار و 953 خێزان، کە دەکاتە 139 هەزار و 355 کەس.
 
پارێزگای دهۆک: 67 هەزار و 929 خێزان، کە دەکاتە 359 هەزار و 481 کەس.
 
ئەو ئاوارانە بە خەڵکی کوێ تۆمار دەکرێن؟
 
گوهدار محەممەد، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خەڵکی هەر شار و وڵاتێک بیت و لە هەرێمی کوردستان بژیت بە دانیشتووی ئێرە تۆمار دەکرێیت".
 
بەشێکی ئەوانەی وەکو ئاوارەی نێوخۆ تۆمار کراون عەرەبی پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقن و دەنگۆی ئەوە هەیە، دوای تۆمارکردنیان لە هەرێمی کورستان ناو و تۆمارەکانیان دەنێردرێتەوە پارێزگاکانی خۆیان، بەڵام لیژنەی سەرژمێری ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
گوهدار محەممەد گوتی: "ئەوانەی لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون ئەگەر لە هەولێر، سلێمانی یان دهۆک بژین بە دانیشتووی ئەو شارە تۆمار دەکرێن تێیدا دەژین و ناو و تۆماری هیچ کەسێک نانێردرێتەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونی".
 
هەر کەسێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە هاتبێتە هەرێمی کوردستان و نیشتەجێ بووبێت، لە فۆڕمی سەرژمێریدا ئاماژە بەوە دەکرێت، لە بنەڕەتدا لە پارێزگایەکی دیکە ژیاوە و لەدایکبووە. ئەمەش بە گوتەی سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو.
 
لەبارەی کوردی پارچەکانی دیکەوە کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، گوهدار شێخۆ گوتی، لە هەر شارێک بن بە دانیشتووی ئەو شارە تۆمار دەکرێن و لە فۆڕمەکەدا ئاماژە بەو وڵاتە دەکرێت لێیەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە دوو رۆژەدا قەدەخەی هاتووچۆیە.