راوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان: ئەنجامی بڕیاری دادگەی فیدراڵی کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردن دەبێت

19-11-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
د. وەعد مزووری، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان
د. وەعد مزووری، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەو سکاڵایەی لە دادگەی باڵای فیدراڵی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە، هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووریی نییە و پێیوایە "سکاڵاکە بۆ رێگریکردنە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن". دەشڵێت، "رەشبینم بە ئەنجامی سکاڵاکە، چونکە دادگەی فیدراڵی دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات."
 
بڕیارە ئەمڕۆ 19-11-2023 دادگەی فیدراڵی لەبارەی دوو سکاڵای یەکخراو لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، دادگەکە چەندینجار لەبارەی سکاڵاکە کۆبووەتەوە و دوایخستووە، بەڵام بەردەوام بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکە دوادەخات، دوایین جار رۆژی 5ی ئەم مانگە بۆ ئەمڕۆ 19ی مانگ دواخرا.
 
د. وەعد مزووری، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو گوتی، "یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هیچ کێشەیەکی نییە و دژی دەستوور نییە، سکاڵاکە هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاسایی نییە و ئەوانەی سکاڵایان تۆمار کردووە، 31 ساڵە خۆیان لێی سوودمەند دەبن و دەچنە پەرلەمان و حکومەت پێکدەهێنن و خۆیشیان یاساکەیان دەرکردووە."
 
ئەو راوێژکارە پێیوایە "ئامانجی سکاڵاکە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە رێگری لە هەڵبژاردن بکەن. هەندێک لایەن کە نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، پەنایان بۆ سکاڵاکە بردووە و دادگەی فیدراڵییش بەگوێرەی حەزی ئەوان بڕیار دەدات."
 
ئەو دوو سکاڵایە، سکاڵای یەکەم لەلایەن زیاد جەبار تۆمار کراوە و تێیدا سکاڵاکار داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە یەكێتی سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون، ئەمانەن:
 
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
 
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
 
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
 
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت، لە 30% کەمتر نەبێت.
 
سکاڵای دووەم لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعوونەوە تۆمارکراوە. لە سکاڵاکاندا داوا کراوە مادەی 36ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو بە نادەستووری بزانرێت، کە تایبەتە بە کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی "کلدان، ئاشووری، تورکمان و ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان." 
 
هەروەها داوا کراوە مادەی 9ی هەمان یاسا بە نادەستووری بزانێت، کە "هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی هەڵبژاردن" دەزانێت و دابەش دەبێت بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن.
 
ئەو راوێژکارە یاساییەی پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە، "ئەنجامی بڕیاری دادگە بە پەسندکردنی سکاڵاکە، کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەبێت، سکاڵاکە چەندین مانگە تۆمار کراوە و پێویست بوو لە دانیشتنی یەکەم رەتکرابایەوە، بەڵام دیارە نیازی دادگە شتێکی دیکەیە کە پێشبینی نەکراو و خراپە، بۆیە وای دەبینم لەم کاتە هەستیارەدا، دادگە سکاڵاکە وەربگرێت، کاریگەری دەکاتە سەر هەڵبژاردن، هەرچەندە پارتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام دەبێت چاوەڕوان بین ئاخۆ بڕیاری دادگە چی دەبێت."
 
د. وەعد مزووری گوتیشی، "رەشبینم دەربارەی ئەم دۆسیەیە و هەر دۆسیەیەکی دیکە کە دەربارەی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی تۆمار دەکرێت، مێژووی دەستەی نوێی دادگەی فیدراڵی بەرامبەر هەرێمی کوردستان خراپە، وەکو ئەوەیە رقی زۆریان لە هەرێمی کوردستان بێت و بە روونی هەست بەوە دەکرێت کە ئەم دادگەیە دەستێکی لەپشتە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".