ئەو ''دزەی'' بووە زاوای خاوەن ماڵ

19-11-2023
عەبدولباست فەرهادی
نیشانەکردن چیرۆکەکانی دادگە
A+ A-
رووداو رادیۆ
داڕشتنەوە: ژیار حەکیم

"کچەکە پێی گوتم، وەرە بەیتوونەکەمان و لەوێ قسە دەکەین و پلانی چوونە ئەوروپا دادەڕێژین"، ئەمە گوتەی کوڕێک بوو کە دوو مانگ پێشتر دانی بەوەدا نابوو بۆ دزینی کۆتر چووەتە سەربانی ماڵێک، بەڵام ئێستا قسەکانی گۆڕیوە و دەڵێت، بڕیاربووە کچی ماڵەکە ببینێ.
 
شەوێکی ساردی زستان بوو، هەمووان نووستبوون، لەناکاو دەنگی تەقەتەق لە سەربانی ماڵەکە هات، پیاوی ماڵەکە بەخەبەرهات، ویستی بچێتە سەربان بۆ ئەوەی بزانێت چی بووە، کوڕە گەورەکە و هاوژینەکەشی بەخەرهاتن و لەگەڵی چوون. داری ماسیحە و هەرچییان بەردەستکەوت لەگەڵ خۆیان بردیانە سەربان، هەرچەندە دەترسان "دزەکە" چەکی پێ بێ، بەڵام هەر رۆیشتن.
 
کاتێک چوونە سەربان، بینییان دەرگەی بەیتوونەکە کراوەتەوە، پێیان سەیر بوو. کوڕێکی گەنجیش لە سەربانە، نە چەک نە چەقۆ، هیچی پێ نییە، ئەوانیش هەتا هێزیان تێدا بوو لێیاندا، هەموو جلیان لەبەری دڕاند و خەڵتانی خوێنیان کرد. ئینجا لێیان پرسی، "چی دەکەی لێرە؟"، وەڵامی دایەوە، "هاتووم کۆتر بدزم"، ئەوان زۆریان پێ سەیر بوو، چونکە هەرگیز کۆتریان نەبووە، دووبارە پرسییان، "ئێمە کوا کۆترمان هەیە؟"، وەڵامی دایەوە، "با، ئێوارە لێرەوە تێپەڕیم، دوو سێ کۆترم لەسەربانی ئێوە بینی، زۆر جوان بوون." پاشان پۆلیسیان ئاگادارکردەوە، گەنجەکە دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا.
 
لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد، "چیت دەکرد لەو سەربانە؟ بۆ لەوێ بووی؟ پیشەت چییە؟" ئەویش هەمان قسەی دووبارە کردەوە، "من زۆر حەزم لە کۆترە، ئێوارە لەو کۆڵانە تێپەڕیم، چەند کۆترێکی جوانم بینی، ئەمشەویش رۆیشتم بیاندزم، بەڵام نەمتوانی، خۆیشم خوێندکاری پەیمانگەم." ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان دەکرد پێیان سەیر بوو، "تۆ کە خوێندکاری، بۆ دزی دەکەیت؟"، کوڕەکەش هیلاک و ماندوو، جارێکی دیکە وەڵامی دایەوە، "حەزم لە کۆترە و تەواو."
 
دادوەری ئێشکگر هەر لەسەر دیواری ماڵەکەی دۆسیەکەی لە پۆلیسەکان وەرگرت و دوای چەند خولەکێک بڕیاری دەستبەسەرکردنی گەنجەکەی دا.
 
دوای چەند رۆژێک، گەنجەکەیان بردە شوێنی تاوانەکە، سەری داخستبوو، دەترسا خەڵک بیناسنەوە، چونکە ماڵیان چەند کۆڵانێک سەرووتر بوو. لەوێ دووبارە هەموو چیرۆکەکەی گێڕایەوە.
 
پاش ماوەیەک، پێشینەی تاوانی وەرگیرا و دەرکەوت هیچ تاوانێکی نەکردووە، لەگەڵ هاوڕێکانی پەیمانگەی قسەمان کرد، هەمووان شایەتی ئەوەیاندا ئەو گەنجە زۆر کوڕێکی رێکوپێکە و دزیکردنی لێ ناوەشێتەوە، جگە لەوەش هەرگیز نەیانبیستووە حەزی لە کۆتر بێت یان بەخێوی بکات. 
 
سەربانەکە کۆتری لێ نەبوو، کوڕەکەش هەرگیز کۆتری بەخێو نەکردووە، پێشینەی تاوانیشی نییە. هەموو ئەوانە زۆر جێی گومان بوون. ئەو لێکۆڵینەوانە نزیکەی دوو مانگیان خایاند، بڕیاردرا دووبارە گوتە لە تۆمەتبارەکە وەربگیرێتەوە.
 
دادوەر گوتی، "واز لەو قسانە بێنە، راستییەکەمان پێ بڵێ، ئێمە دەزانین تۆ دز نیت و بۆ دزیکردنیش نەچوویت، راستم پێ بڵێ ئەو شەوە چیت دەکرد لەو سەربانە؟" دوو مانگ مانەوە لە زیندان، گەنجەکەی ماندوو و بێزار کردبوو. دادوەر بەردەوام بوو، "پرسیارمان لەسەر خۆت و بنەماڵەکەشتان کردووە، دەزانین هەمووتان خەڵکی چاکن، بەڵام ئەگەر راستییەکەمان پێ نەڵێیت، سزا دەدرێیت، ئاگادار بە."
 
لەو کاتەدا گەنجەکە دڵی پڕ بوو و دەستی بە گریان کرد، "جەنابی دادوەر، بەخوا من هەر ناشزانم کام کۆترە باشە و کامەیان باش نییە. هەرگیزیش دزیم نەکردووە، راستیی چیرۆکەکە شتێکی دیکەیە، بەڵام بە مەرجێک باسی دەکەم، قسەکان لەم ژوورە نەچنە دەرەوە و بەینی خۆمان بێت". دادوەر گوتی، "خەمت نەبێت، نهێنییەکانت پارێزراو دەبن."
 
گەنجەکە دەستی بە دانپێدانان کرد، "جەنابی دادوەر، حاجی [خاوەن ماڵەکە] کچێکی هەیە، زۆر جوانە، زۆر رێکوپێکە، زۆرم خۆشدەوێت، بەڵام یەک کێشەمان هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەو بنەماڵەیە هەر لە بێشکەوە (لانکەوە) کچەکەیان دادەنێن بۆ یەکێک لە خزمەکانی و کە گەورەش بوو، هەر بە ئەوی دەدەن."
 
لەو ساڵانەدا ئەو رێوڕەسمە لە هەندێک لە بنەماڵەکان هەبوو، کچ تەنیا بۆ خزم دەبێت و هەر لە بێشکەشەوە پێشکێشی دەکەن.
 
گەنجەکە بەردەوام بوو، "ئەو کچە جوانەیان بۆ کوڕی مامی داناوە، خۆزگە کوڕەکە کوڕێکی باش بووایە، هەمیشە سەرخۆشە و هەر ئاگای لە خۆی نییە، شەڕانگێز و نەخوێندەوارە، کچەکەش ئامۆزاکەی هیچ بە دڵ نییە." گەنجەکە زۆر بێتاقەت بوو، هەر بە گریانەوە قسەی دەکرد، "من و کچەکە بڕیارمان دا وەکو ئەو خەڵکە ئێمەش بچینە ئەوروپا و، کەس نەزانێت لە کوێین، قاچاخچییەکی باشیش دەناسم. بۆیە ئەو شەوە چوومە ماڵیان بۆ ئەوەی پلانێک دابڕێژین و بچینە ئەوروپا، ئەو گوتی باوکی زۆر خەوی قورسە، خەمم نەبێت."
 
ئێمە شۆک بووین لەو قسانە، ئەو گەنجە بە تۆمەتی دزی دەستگیرکراوە، ئێمەش ئێستا بۆمان روونبووەتەوە دز نییە، نەماندەزانی چی لێ بکەین، بەڵام دەمانزانی ئەگەر ماڵی کچەکە راستیی چیرۆکەکە بزانن، وەکو ئەوەیە بەنزین بە ئاگردا بکەی.
 
گەنجەکە قسەی دەکرد، "کچەکەی حاجیم لە پەیمانگە دەناسی، جارجار لە رێگە دەمبینی و قسەمان دەکرد، ئەویش پێی گوتبووم مەحاڵە بۆ یەک ببین، چونکە باوکی ناهێڵێت". فرمێسکەکانی سڕی و گوتی، "بەڵام جەنابی دادوەر، تکایە ئەو قسانەم مەنووسە، لەسەر دزیکردن زیندان بم باشترە لەوەی ماڵی کچەکە ئەم چیرۆکە بزانن، چونکە کەسوکارەکەی دەیکوژن، خۆشم لە زیندان بم باشترە لەوەی بکوژرێم."
 
دادوەر بڕیاری دا هەموو ئەندامانی خێزانی حاجی بێن و گوتەیان لێوەربگیرێت، دەمانویست بزانین کوڕەکە ئەم قسەیەی راستە یان ئەمەش هەر درۆیە.
 
لە حاجییەوە دەستمان پێکرد، "بە هیچ شێوەیەک لێی خۆش نابم، پێشتریش شتمان لێ دزراوە، لەوانەیە هەر ئەو کوڕە بێت، بۆیە دەبێ سزای بدەن."
 
هەمووان قسەیان کرد و نۆرە هاتە سەر کچەکە، "من خەوتبووم، بەخوا هەر ئاگام لە هیچ نەبووە ئەو شەوە". پێمان سەیر نەبوو کە وا بڵێت، بەڵام لێمان پرسی، "تۆ ئەو کوڕە دەناسی؟ گەنجەکە گوتوویەتی پەیوەندیتان هەبووە و تۆ دەرگەی بەیتوونەکەت بۆ کردووتەوە."
 
کاتێک وامان گوت، کچەکە دەستی بە گریان کرد، "جەنابی دادوەر، ئەو قسانەی ئەو کوڕە کردوویەتی هەمووی راستن، من ئامادەم ئەگەر بشکوژرێم هەموو راستییەکان بڵێم، چونکە ئەو کوڕە لەبەر من ئەوەی بەسەر هاتووە و ئێستا بە تۆمەتی دزیکردن لە زیندانە و حەیای خۆیشی بردووە."
 
قسەمان لەگەڵ دایکی کرد، "کچەکەت قەد باسی ئەو کوڕەی بۆ تۆ کردووە؟" دایکی وەڵامی دایەوە، "بەڵێ، گوتبووی پەیوەندییان هەیە، بەڵام پێمگوتبوو، هەرگیز بیر لەو شتانە نەکاتەوە، چونکە خۆیشی دەزانێ ئێمە ئەومان بۆ ئامۆزاکەی داناوە، تووشی ئەم گێچەڵەمان مەکە، بڕیار بڕیاری حاجییە."
 
دادوەر کوڕە گەورەکەی حاجیی بانگ کرد، ئەو خوێندەوار بوو و هەستمان دەکرد ئەو لە دۆخەکە تێبگات و بڕیاری هەڵە نەدات، هەموو چیرۆکەکەمان بۆ گێڕایەوە، ئەویش گوتی، "ئەگەر وابێت، ناچارم باوکم رازی بکەم لێی خۆش بێت، بەڵام بەو مەرجەی دوای ئەوەی پەیمانگەی تەواو کرد، بێتە داوای خوشکەکەم، بەشكم تا ئەو کاتە بتوانم باوکم رازی بکەم نەیدات بە ئامۆزاکەم."
 
ئەو رۆژە هەر ئەوەندەمان پێدەکرا و چاوەڕێ بووین بزانین کوڕە گەورەکە و هاوژینەکەی حاجی چییان پێدەکرێت. دوای مانگێک حاجی هات و لە گەنجەکە خۆش بوو و ئازاد کرا. دوای ماوەیەکیش بیستمانەوە کە حاجی کچەکەی خۆیشی پێداوە و هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەبووە.
 
 
* عەبدولباست فەرهادی، دادوەری خانەنشین، کە ماوەی 40 ساڵ لە هەرێمی کوردستان دادوەر بووە، لە پۆدکاستی "چیرۆکەکانی دادگە" ئەو رووداوەی گێڕایەوە کە لە هەولێر روویداوە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەڕێوەبەرایەتیی پێشبینی کەشوهەوای ورمێ هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەری دروستبوونی لافاو و هەورەبرووسکە هەیە

پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگای ورمێ بگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پێشبینیی کەشوهەوای پارێزگای ورمێ دەڵێت، پێشبینی دەکرێت سبەی پێنجشەممە شەپۆلێکی بارانبارین، هەورەبرووسکە و رەشەبا بەشێکی زۆری پارێزگای ورمێ بگرێتەوە