لەگەڵ رەنج؛ چارەنووسی خوێندن لەو ناوچانەی بایکۆتی خوێندنیان راگەیاندووە چی دەبێت؟

رووداو دیجیتاڵ 

11 هەفتە بەسەر وەرزی خوێندنی 2023 – 2024 دا رۆیوە و تاوەکو ئێستا بەهۆی مانگرتنی مامۆستایانەوە خوێندنی 700 هەزار قوتابی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دەستی پێ نەکردووە، ئەوە لەکاتێکدایە وەزیری پەروەردە بەبێ ئەوەی باس لە ناوەڕۆکەکەی بکات، هەفتەی رابردوو گوتی ئەو قوتابیانە قەرەبوو دەکرێنەوە. بەڕێوەبەری پەروەردەی راپەڕین دڵنیایی دەداتە قوتابیان قەرەبوو دەکرێنەوە و خوێندنی ئەم ساڵیان نافەوتێ، بەڵام جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، هیچ هەنگاوێکی کردەیی بەدی ناکرێت تا گەرەنتی ئەوە بکات خوێندنی ئەم ساڵی قوتابیان نەفەوتێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2023، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج، بە میوانداری لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ؛ عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی ‏مامۆستایان‏؛ رزگار خدر، سەرپەرشتیاری پەوەردەیی و دیاری عەبدولقادر، یەكێك لە سەرپەرشتیارانی مامۆستایانی ‏ناڕازی چارەنووسی خوێندن لەو ناوچانە تاوتوێ کرا کە مامۆستایانی بایکۆتیان راگەیاندووە. 
 
بایکۆتی خوێندن زۆرترین کاریگەری لەسەر "قوتابیانی 12ـی ئامادەیی داناوە"
 
زیاتر لە مانگێکە لە بەشێک لەو قوتابخانانەی پۆلی 12ـی ئامادەییان تێدایە خوێندن دەستی پێ کردووە، بەڵام قوتابیان گلەیی نەبوونی مامۆستا و پەلەکردن لە خوێندنی وانەکانیان دەکەن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕیش پێیوایە پۆلی 12ـی ئامادەیی لەچاو سەرجەم پۆلەکانی دیکە زیانیان لە بایکۆتی مامۆستایانیان پێ گەیشتووە.
 
لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ دەڵێت: "بایکۆتکردنی مامۆستایان کاریگەری لەسەر خوێندنی سەرجەم قوتابیان لە هەموو قۆناخەکانی خوێندن کردووە، بەڵام ئەوەی زیاترین کاریگەریی پێوە دیاردەبێت پۆلی 12یە لەبەر ئەوەی داهاتووی خوێندنیان بەم ساڵەوە بەستراوەتەوە".
 
لەتیف حوسێن پێیوایە، "ئەو مامۆستایانەی بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەو مامۆستایانەش کە دەوام دەکەن سەرجەمیان لە دۆخەکە ناڕازین و نیگەرانن، بەڵام ئەو بارودۆخەی هاتووەتە پێشەروە دەبێ بە هەموو لایەکم شانی بدەینە بەر و بەرپرسیاریەتییەکەی هەڵبگرین"
 
قەرەبووکردنەوەی خوێندنی قوتابیان
 
هەفتەی پێشوو وەزیری پەروەردە دڵنیایی دایە خوێندکاران کە قەرەبووی ئەو ماوەیەیان دەکاتەوە کە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە نەیانتوانیوە وانەکانیان بخوێنن، وەکو لەتیف حوسێن ئاماژەی پێدەدات، "لە مادەی 25ـی یاسای پەروەردە ئاماژە بەوە دراوە کە رۆژەکانی ساڵێکی خوێندن دەبێ لانیکەم 170 رۆژ بێت و وەزارەتی پەروەردە بەرپرسیارە و دەتوانێت بڕیار بدات لە بارودۆخە نائاساییەکان قەرەبووی ئەو کاتە بکاتەوە". 
 
 
بڕیار هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندن لەو ناوچانەی بایکۆتیان تێدا کراوە، پشووی رۆژانی شەممە هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر بە پرۆگرامی خوێندن رابگەن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ دەڵێت، تاوەکو ئێستا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەو بارەوە نەدراوە، قوتابیان 11 هەفتەی خوێندنیان فەوتاوە، رەنگە لە دەستپێکی دەوامدا وا بکرێت رۆژانی شەممە پشوو نەمێنێت و کۆمەڵێک پشووی دیکە هەن هەموویان لاببرێن و رەنگە هەندێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن دەستکاری بکرێن".
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێر دڵنیایی دەداتە قوتابیان کە "ساڵی خوێندنی 2023 – 2024ـیان نافەوتێت" و پێیوایە، دەبێ لەپاڵ ئەوەدا حکومەت گرفتی مامۆستایان و وانەبێژان چارەسەر بکات، لە بەرامبەریشدا جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، "هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی خوێندنی ئەم ساڵی قوتابیان نەفەوتێت، بەڵام دڵنیابوون لەوە پەیوەستە بە هەنگاونانی کردەیی و جیددی و تاوەکو ئێستا بە کردار ئەو هەنگاوانە بەدی نەکراون".
 
هاوکات، یەک لە سەرپەرشتیارانی مامۆستایانی ناڕازیس پێیوایە، " قەرەبووی خوێندنی قوتابی وەکو فێرکردن و پەروەردە ناکرێتەوە تەنانەت ئەگەر کەمتر لە مانگێکیش بەسەر کاتی خوێندندا رۆیشتبێت، وەکو چۆن لەو چەند ساڵەی رابردوو بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان دواتر بەهۆی کۆرۆناوە نەمانتوانی قەرەبووی ئەو کاتانە بکەینەوە کە قوتابخانەکان داخرابوون".
 
 کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن
 
دیاری عەبدولقادر، یەكێك لە سەرپەرشتیارانی مامۆستایانی ‏ناڕازی ئاماژە بە چەند میکانیزم دەدات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو 11 هەفتەیەی لە خوێندنی قوتابیان رۆیشتووە و دەڵێت؛ "راستە بە هیچ شێوەیەک قەرەبووی پەروەردە و فێرکردنی قوتابیانمان بۆ ناکرێتەوە، بەڵام دەتوانین وەکو ساڵانی پێشوو پرۆگرامی خوێندن کەم بکەینەوە و کاتی خوێندن درێژ بکەینەوە".
 
لەبارەی کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندنیش، بەتایبەت ئێستا کە بەشێکی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بایکۆتەوە نەچوونەتەوە قوتابخانە و بەشەکەی دیکە خوێندنی ئاساییان هەبووە، ئەو سەرپەرشتیارەی مامۆستایانی ناڕازی نموونەی کۆڕەوی ساڵی 1991ـی هەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە و دەڵێت: "لە تاقیکردنەوە وەزارییەکاندا دەشێ بۆ سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان لەو بەشانە پرسیار بهێننەوە کە خوێندوویانە یان ئەو لیژنەیەی پرسیاری تاقیکردنەوە وەزارییەکان دادەنێن رەچاوی ئەو بەشانە بکەن کە لەو ناوچانە لە پرۆگرامی خوێندن کەمکراونەتەوە و پرسیاری لێ نەهێننەوە".
 
 
"بەر لە دەستپێکی ساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردەمان ئاگادار کردووەتەوە"
 
دیاری عەبدولقادر باس لەوە دەکات کە "بەر لە دەستپێکی خوێندنی ئەم ساڵ، لە وەرزی هاویندا بە وەزارەتی پەروەردەمان راگەیاند، با ئەم ساڵ وەکو ساڵانی پێشوو کێشە دروست نەبێتەوە و ساڵێکی خوێندنی رێکوپێک ببەینە سەرەوە، بۆیە داواکاری مامۆستایان جێبەجێ بکەن و مافەکانیان بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام گوێمان لێ نەگیرا."
 
بە گوتەی ئەو سەرپەرشتیارەی مامۆستایانی ناڕازی، "قسەکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی دەوام بەبێ لەبەرچاوگرتنی داواکاری مامۆستایان نامانگەیەنێتە ئەنجام، مامۆستایان تەنیا سێ مووچەی ئەم دواییەیان نەفەوتاوە، بەڵکو تاوەکو ئێستا 33 مووچەیان فەوتاوە".
 
دیاری عەبدولقادر دەشڵێت: "دۆخەکە بە جۆرێکی لێهاتووە حکومەت لە هەر بوارێکدا رووبەڕووی شکست بێتەوە، دەست بۆ هیچ شتێکی دیکە نابات جگە لە گیرفانی فەرمانبەران و مامۆستایان، ئێستاش کەس نییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گەرەنتی مووچەی چوار مانگی داهاتوو بدات بۆ ئەوەی مامۆستا ئاسۆی روونبێت و بایکۆت بشکێنێت".
 
تاوەکو دەوام دەست پێ نەکاتەوە "باسکردنی قەرەبوو واتای نییە"
 
جێگری سەرۆكی یەكێتی ‏مامۆستایان‏ پێیو قسەکردن لەسەر چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی دوو مانگی خوێندنی قوتابیان بەبێ شکاندنی بایکۆت و کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان واتای نییە و دەکرێ "دوای مسۆگەربوونی دەستپێکردنەوەی دەوام پلان بۆ چۆنیەتی قەرەبووکردنەوە دابنرێت".
 
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی ‏مامۆستایان دەڵیت؛ "تاوەکو ئێستا لە وەزارەتی پەروەردەوە ئەو وەڵامەمان دەست نەکەوتووە کە بە چ شێوەیەک قەرەبووی قوتابیان دەکرێتەوە، لەمەش گرنگتر وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە کەی دەوام لەو شار و شارۆچکانە دەستپێدەکاتەوە کە بایکۆتیان تێدا راگەیەنراوە، لەبەر ئەوەی 700 هەزار خوێندکار لە دەوام دابڕاون".
 
عەبدولواحید محەممەد رایگەیاند، "پێویستە وەزارەتی پەروەردە بە راشکاوانە چارەسەرەکان بۆ ئەم دۆخە بخاتە روو، واتا قسەکە تەنیا ئەوەندە نەبێت کە قەرەبوو دەکرێنەوە، دەبێ روون بکرێتەوە کە شێوازی قەرەبووکردنەوەکە چۆنە و هەنگاوەکان چین، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە دەوام دەستپێبکاتەوە، لەبەر ئەوەی لە هەندێک شوێن قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەییش تاوەکو ئێستا نەچوونەتەوە قوتابخانە".
 
 
وەزارەتی پەروەردە "لە جارەسەری دۆخەکە دواکەوتووە"
 
جێگری سەرۆكی یەكێتیی ‏مامۆستایان پێیوایە وەزارەتی پەروەردە "لە چارەسەرکردنی دۆخەکە دواکەوتووە، لەبەر ئەوەی لە سەرەتاوە هەندێک چارەسەری بنەڕەتی هەبوون، ئەگەر رەچاوکرابان دۆخەکە نەدەگەیشتە ئێستا" و پێیوایە؛ "کێشەی هەرە گەورە ئەوەیە کە گوێ لە ئێمە ناگیرێت، نزیکەی 70 هەزار مامۆستا مانیان گرتووە و دەوام ناکەن، ئەوە بەدەر لە مامۆستایانی وانەبێژ، ئەگەر یەکێتی مامۆستایانیش وەلا بنێین، دەبێ حکومەت وەڵامی ئەو مامۆستا و خوێندکارانە بداتەوە".
 
عەبدولواحید محەممەد دووپاتیدەکاتەوە؛ "یەکێتی مامۆستایان هاوینی ئەم ساڵ، بەر لەوەی دەوامی قوتابخانەکان بکرێتەوە، بە وەزارەتی پەروەردەی راگەیاند، نەهێڵن دۆخەکە بگاتە ئاستێک کە دواتر چارەسەرکردنی ئەستەم بێت، ئێستاش کە گەیشتووەتە ئەم قۆناخە، دەڵێن قەرەبووی دەکەینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەوام دەستی پێ نەکردووەتەوە، ئەی چۆن قەرەبووی دەکەنەوە؟"
 
بە گوتەی جێگری سەرۆكی یەكێتی ‏مامۆستایان؛ "لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە دەتوانرا گفتوگۆیەکی نەرم لەگەڵ سەرجەم مامۆستایان بکرێت و سەرجەم چین و توێژەکان خرابانە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییەوە، هەر لە دایک و باوکانەوە تاوەکو قوتابیان و خوێندکاران، لەبەر ئەوەی پەروەردە دەزگایەکی خزمەتگوزاری نییە بە چەند فەرمانبەرێکەوە بەڕێوە ببرێت، بەڵکو کۆمەڵێک بنەمای هەیە، ئەگەر ئەو بنەمایانە جێبەجێ نەکرێن، پرۆسەی پەروەردە سەرکەوتوو نابێت".
 
لەدەستچوونی خوێندنی قوتابیان "قەرەبوو ناکرێتەوە"
 
مامۆستایەکی سەرپەرشتیاری پەوەردەیی پێیوایە قەرەبووکردنەوەی خوێندنی مانگی 10 و 11ـی قوتابیان ئەستەمە و دەڵێت "ئەو دوو مانگەی سەرەتا لە خوێندنی ساڵانەدا بە کاتی زێڕین دادەنرێت و ئەستەمە قەرەبوو بکرێتەوە".
 
رزگار خدر، سەرپەرشتیاری پەوەردەیی پێیوایە؛ "باسکردن لە قەرەبووی قوتابیان لەکاتێکدایە دوو مانگی زێڕینی خوێندنیان بەبێ دەوامکردن رۆیشتووە ئەستەمە، لە دوو مانگی 10 و 11 مامۆستایان تین و توانایەکی باشیان هەیە بۆ وانەگوتنەوە و هەمیش خوێندکار ئامادەیی باشی تێدایە بۆ وەرگرتن. ئێستا تاکە قەرەبووکردنەوە بۆ ئەو خوێندکارانەش ئەوەیە کە ساڵێکی خوێندنیان نەفەوتێت، لەبەر ئەوەی فەوتانی ساڵێکی خوێندنی 700 هەزار قوتابی خەساری لە شەڕی ئۆکراینا و غەززە کەمتر نابێت".
 
رزگار خدر چەند رێکارێک بۆ قەرەبووکردنەوەی قوتابیان دەخاتەڕوو و پێیوایە بەر لە خستنەڕووی رێکارەکان پێویستە بایکۆتی مامۆستایان نەمێنێت و خوێندن لە قەتابخانەکان دەست پێبکات و دەشڵێت، "دەکرێ کاتی خوێندنی قۆناخی 9 و 12 بۆ ماوەی مانگێک درێژ بکرێتەوە و تاقیکردنەوە بکەوێتە سەرەتای مانگی تەمووز، بەم شێوەیە خوێندکار دەتوانێ هەم سوود لە مامۆستاکەی ببینێت و هەم باشتریش خۆی بۆ تاقیکردنەوە ئامادە بکات".
 
قوتابیانی پۆلی 12 مامۆستایان نییە و "وانەکانیان هەڵدەکڕووزێنن"
 
قوتابییەکی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی چارەنووسی خوێندنمان دیار نییە و نازانرێت پرۆگرامی خوێندنمان کەم دەکرێتەوە یان ماوەی خوێندن درێژدەکرێتەوە، "مامۆستاکانمان رۆژی وا هەیە 10 لاپەڕەمان دەدەنێ بیخوێنین و دەڵێن ئەگەر ئاوا نەبێت فریا ناکەوین. ئەگەر بەم شێوەیە بێت تەنیا وانەکانمان هەڵدەکڕووزێت بۆ ئەوەی فریا بکەوین".
 
قوتابییەکی دیکەی پۆلی 12ـی زانستی گوتی سەرباری کردنەوەی قوتابخانەکەیان لە سلێمانی، بەهۆی نەبوونی مامۆستا تاوەکو ئێستا هیچ وانەیەکیان نەخوێندووە. هاوکات قوتابییەکیش دەڵێت؛ "مانگێکە قوتابخانەمان کراوەتەوە و دوو وانەی کیمیا و بیرکاریما بەهۆی نەبوونی مامۆستا نەخوێندووە" بە گوتەی ئەو قوتابییە هەفتەیەکە مامۆستایان بۆ ناردوون و باس لەوە دەکات کە 10 پۆلی 12ـی زانستی لە قوتابخانەکەیان هەیە و "ئێستا لە هەندێک پۆل وەرزی دووەمی وانەی بیرکاری و کیمیا دەخوێنن، بەڵام ئەوان تازە لە وانەی یەکەمی وەرزی یەکی زانستن و کیمیان".