63 رۆژە بایکۆتی مامۆستایانی سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوامە؛ هەفتەی داهاتوو بۆ خۆپێشاندان دەچنە بەغدا

رووداو دیجیتاڵ 

نۆ هەفتەیە لە 13 پەروەردەی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە خۆپێشاندانی مامۆستایان بەردەوامە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە مامۆستایان چوونە سەر شەقام و خۆپێشاندانیان کرد. 
 
سەردار محەممەدئەمین، 28 ساڵە مامۆستایە و بە رووداوی گوت، " خێزانم و مناڵەکەم نەخۆشن، خەرجیم زۆر زۆرە، ئەمە وایکردووە ئێمە بێینە سەر شەقام بەداخەوە حکوومەتیش بێباکە، ئەوەتا دوو مانگە لەسەر شەقامین بەڵام حکوومەت وەڵاممان ناداتەوە، ئەمە وایکردووە ژیانمان لەهەموو روویەکەوە بوەستێت."
 
گۆران ساڵح، مامۆستایەکی دیکەیە لەبارەی بایکۆتەوە دەڵێت، "ئێمە کە لێرەین بۆ داواکردنی مافی سەرجەم فەرمانبەرانیش لێرەین نەک تەنها مامۆستایان، بۆیە بەڕای من دەبوو فەرمانبەران و خوێندکاران و کەسووکاری قوتابییان بهاتنایەتە ریزی ئێمەوە."
 
نیگەرانی گەورەی مامۆستایان، جگە لە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان، بێدەنگی حکوومەت و بەڵێن نەدان و دیارنەکردنی وادەیەکە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگانە و پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان.
 
ئەوەش وایکردووە، لە 13 پەروەردەی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە زۆرینەی قوتابخانەکان، بایکۆتی وانەگووتنەوە بەردەوام بێت.
 
ئیسماعیل ئەحمەد، مامۆستای وانەبێژە لە قەڵادزێ، گوتی، "ئێمە ئەگەر رازی بووینایە بە دۆخەکە نە ئەهاتینە سەر شەقام، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئێمە ناڕازین."
 
لە کۆیەوە فەرمان مەحمود، نوێنەری مامۆستایانی لەنێو خۆپیشانداکەوە باسی لەوە کرد، "ئێمە بەهیچ جۆرێک بایکۆت ناشکێنین و بەردەوامیش دەبین، تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئێمە و مامۆستایانی هەمیشەیی و وانەبێژ."
 
ئاسۆ محەممەد، مامۆستایە لە هەڵەبجە، دەڵێت، "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە کە بەردەوام بووین لە بایکۆت بڕیارمان داوە هەر بەردەوام بین چونکە ئەو داواکارییانەی هەمان بووە بەهیچ جۆرێک جێبەجێ نەکراوە و بە دیڕێکیش حکوومەت وەڵامی نەداوینەتەوە."
 
ئێستا نە مامۆستایان دەزانن کەی دەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و نە حکوومەتیش ئومێدی بە وادەیەکی دیاریکراو هەیە چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری دابەشنەکردنی مووچە و ئەو دۆخەی درووست بووە دەخاتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق، بۆیە مامۆستایانی سنووری بایکۆتیش بڕیاریانداوە یەکشەممەی داهاتوو بچنە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بۆ داواکردنی مووچەکانیان.