حکومەتی هەرێمی کوردستان: سبەینێ پشووی فەرمییە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پشووی سبەینێوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سبەی پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامودەزگەکانی حکومەت. 
 
رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "بەهۆی بەرزی رێژەی پێشبینیکراوی بارانبارینی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بڕیاردرا سبەی بکرێتە پشوو."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە هاونیشتمانییان دەکات پابەندی رێکار و رێنوێنییە خزمەتگوزارییەکان بن و نزیک نەبنەوە لە رووبار و ئەو شوێنانەی ئاستی ئاوییان بەرزدەبێتەوە، لە کاتی ناچاریشدا نەبێت هاتووچۆی رێگەکانی دەرەوە نەکەن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک ئاراستەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەکات و داوا دەکات لە "ئامادەباشیدا بن بۆ هەر حاڵەتێکی فریاگوزاری."
 
نزیکەی کاژێرێک پێش راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە ئەرکدا دەبن و بۆ هەر بڕیارێکی پێویست دوای راوێژ لەگەڵ یەکەی ئیداری ناوچەکەیان، سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان دەسەڵاتییان هەیە "لە هەر دۆخێکی پێویستدا لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بڕیار بدەن."
 
بڕیاری راگەیاندنی پشوو لە هەرێمی کوردستان دوای ئەوەهات، رۆژی شەممە، 18-11-2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە بە نێونیشانی "هۆشداری کەشناسی" بڵاویکردەوە رایگەیاند، "لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی نێوەڕاست لەسەر هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت سبەی یەکشەممە باران لە تەواوی ناوچەکەمان بەشێوەی مامناوەند ببارێت؛ لەکاتەکانی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی ئاماژە پێکراو قووڵتر دەبێتەوە و دابارینەکە زیاد دەکات و هەندێجار هەورە برووسکەی لەگەڵدا دادەبێت."
 
هاوکات، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی رۆژی شەممە(18-11-2023)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئێوارەی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو ئێوارەی دووشەممە بە بەهێزی بەردەوام دەبێت و لە هەموو شوێنەکانیش زیاتر لە 50 ملیمەتر باران دەبارێت. بارانبارینەکە لە ئێوارەی سێشەممەوە لاواز دەبێت و کۆتایی دێت."