رووداو دیجیتاڵ
لەماوەی یازدە مانگی رابردوودا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 600 رووداوی جۆراوجۆر روویانداوە کە سێ رووداویان خنکان بووە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان دەڵێت، ئامادەکارییان بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو لە سنووری گەرمیان کردووە.
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 1ـی 11ـی 2023، لەسنووری ئیدارەی گەرمیان 600 رووداوی جۆراوجۆر روویانداوە کە سێ رووداوی خنکان بووە، زۆرینەی رووداوەکانیش کە نزیکەی 200 رووداو بووە سووتانی پووش وپاوان بووە، هەروەها 27 رووداوی سووتانی ماڵ، 33 رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێل، 3 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی بەنزینخانە، نزیکەی 12 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕ و دووکان.
رۆژی شەممە، 18-11-2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە بە نێونیشانی "هۆشداری کەشناسی" بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، "پێشبینی دەکرێت سبەی یەکشەممە باران لە تەواوی ناوچەکەمان بەشێوەی مامناوەند ببارێت؛ لەکاتەکانی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی ئاماژە پێکراو قووڵتر دەبێتەوە و دابارینەکە زیاد دەکات و هەندێجار هەورە برووسکەی لەگەڵدا دادەبێت."
گوتەبێژی بەرگری شارستانیی گەرمیان لەبارەی ئامادەکارییەکان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئاستی ئیدارەی گەرمیان لیژنەی باڵا پێکهێنراوە لەهەموو فەرمانگە پەیوەندیدراوەکان و لەسەر ئاستی قەزا و ناحییەکانیش لیژنەکان لە حاڵەتی ئامادەییدان بۆ هەر رووداوێک.
ئیبراهیم محەممەد گوتیشی، لەسەر ئاستی گەرمیان 14 بنکەی بەرگریی شارستانی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان هەیە کە لەقەزاکانی کەلار، کفری، خانەقین، ناحیەکانی رزگاری، مەیدان، قۆرەتوو، سەرقەڵا، نەوجول، باوەنوور، کۆکس، شێخ تەویل و دەروازەی پەروێزخان، هەردوو تیمی مەلەوانیی کەلار و کفریش ئامادەن بۆ هەر رووداوێک.
بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست لەسەر سیستمی گازی شلی ماڵان و پشکنینی سیستمەکەیان، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی گەرمیان لەماوەی رابردوودا داوای لە هاونیشتمانییانی سنوورەکە کرد ئەوانەی سیستمەکەیان هەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن بۆ تۆمارکردن و پشکنینی سیستمەکانیان.
گوتەبێژی بەرگری شارستانیی گەرمیان دەڵێت، لەماوەی رابردوودا لەڕێگەی کەناڵە ناوخۆییەکانی سنوورە و لاپەڕەکانمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاگاداریمان بڵاوکردەوە و داوامان لە هاووڵاتییان کرد ئەوانەی سیستمی گازی شل و تانکی گازیان هەیە سەردانمان بکەن بۆ تۆمارکردن و زانیاری لەسەر سیستمەکەیان، لەو ماوەیەدا تەنیا سێ هاووڵاتی و یەک پرۆژەی نیشتەجێبوون سەردانیان کردووین و خۆیان تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ