بەردی بناخەی دوو پڕۆژەی پیشەسازی لە زاخۆ دانرا

رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات پشتیوانی لە بەرنامەکانی حکومەت بکەن و دەڵێت، ''سەرەڕای دروستکردنی قەیران و ئاستەنگیی زۆر، کابینەی نۆیەم بەرەو سەرکەوتنی زیاتر رۆیشتووە."
 
رۆژی یەکشەممە 19-11-2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی دوو پڕۆژەی پیشەسازی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانرا.
 
مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''سەرەڕای دروستکردنی قەیران و ئاستەنگی زۆر بۆ ئەم کابینەیە، بە پشتیوانیی کەرتی تایبەت و ماندووبوون و دڵسۆزیی فەرمانبەرانی حکومەت لە کەرتی گشتی، کابینەی نۆیەم نەکەوت، بەڵکو رۆژ بە رۆژ بەرەو سەرکەوتنی زیاتر رۆیشتووە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، پێشکەوتنی کەرتی پیشەسازی کاریگەرییەکی دیاری لەسەر پێشڤەچوونی کوردستان هەیە و رایگەیاند، ''ئەمڕۆ لە جیهاندا ئەو وڵاتانە پێشکەوتوون کە لە رووی پیشەسازییەوە پێشڤەچوونیان هەیە و بۆ پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤ داهێنانیان هەیە".
 
یەکێک لە پڕۆژەکان لەسەر 800 دۆنم زەوی دروست دەکرێت کە بە گوتەی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە 108 کارگە، 161 کۆگای گەورە، 24 پێشانگەی ئۆتۆمبێل و شوێنێکی گەورەی تایبەت بە عەلوە پێکهاتووە و، لە داهاتوودا هەلی کار بۆ زیاتر لە پێنج هەزار کەس دەڕەخسێنێت.
 
گوهدار شێخۆ لە گوتارەکەیدا، کە لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەکان پێشکێشیکرد، گوتی، پڕۆژەی دووەم لەسەر رووبەری 40 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت و تایبەتە بە ریسایکلینی زبڵ و خاشاک و توانای ریسایکلینی 500 تۆن زبڵی لە رۆژێکدا هەیە، ئەو پرۆژەیە هەلی کار بۆ 180 کەس دەڕەخسێنێت.
 
مەسرور بارزانی هەردوو پڕۆژەکە بە ستراتیژی و گرنگ ناودەبات و دەڵێت، ''بازاڕی کوردستان بازاڕێکی تازەپێگەیشتووە و پێویستی بە کەلوپەل و کەرەستە هەیە کە پێداویستیی نێوخۆیی دابین بکرێت بۆ ئەوەی هێنانی کەلوپەل لە دەرەوە کەمبکرێتەوە، یان سنووردار بکرێت."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ''پڕۆژەی ریسایکلین پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و کار بۆ ئەوە دەکەین لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی لەم شێوەیەمان هەبێت."
 
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە ''هیوای ئێمەیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە نێوخۆ و دۆستانمان لە دەرەوە، پشتیوانی لە بەرنامەی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەین".