بەرگریی شارستانیی هەولێر: پێداچوونەوە بە سیستمی غازی شل لە ماڵاندا دەکرێت

19-11-2022
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، لە داهاتوودا پێداچوونەوە بە شێوازی دانانی سیستمی غازی ماڵاندا دەکرێت و نابێت کەس بەبێ ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی سیستمی غازی شل دابنێت. دەشڵیت، لە دوای نەورۆزەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 ئۆتۆمبێل لەنێو هەولێردا سووتاون.
 
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە دوای رووداوەکەی رۆژی پێنجشەممە 17-11-2022ی شاری سلێمانییەوە، "ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو هاونیشتمانییاندا دروستبووە و ئەوانەشی کە سیستمی غازی شل و شۆفاژیان هەیە ترسیان هەیە لە بەکارهێنانی." 
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی مەترسییەکانی سیستمی شۆفاژ و غازی شل لە ماڵاندا گوتی، ئەگەر دانانی سیستمی غازی ناوەندی LPG و شۆفاژ لەلایەن کەسانی شارەزا و ئەندازیاری باوەڕپێکراوەوە بێت ئەوا هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی نییە و تەنیا دەبێت ئاگاداری بەکارهێنانی بن. 
 
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش گوتیشی، ئەو ماڵ و شوێنانەی کە سیستمی غازی شلیان هەیە، دەبێت پێش بەکارهێنانی هەموو بەشەکانی تاقیبکرێت و ئەگەر لە سیستمەکەدا لیک یان بۆن هەبوون، دەبێت چارەسەر بکرێت و گرنگە تانکی غازەکە قوفڵی تایبەتی (safety valve)ی لەسەربێت کە خودکارەوە لەکاتی بوونی مەترسیدا خۆی قوفڵ دەبێت. گوتیشی، ئێستا لە هەولێر نزیکەی 10٪ی هاونیشتمانییان سیستمی غازی ماڵان و شۆفاژیان داناوە. 
 
لەبارەی جۆری ئەو کەلوپەلانەی لە سیستمی غازی شلدا بەکار دەهێنرێت، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو کەلوپەل و بۆرییانەی بەکار دەهێنرێت بەگوێرەی ستاندارد و باوەڕپێکراوبن هیچ کێشەییەکی نییە؛ ئەو شوێن و جێگایانەی ئەو کارە دەکەن ئەگەر مۆڵەتداربن، ئەوا هەموو مەرج و رێنماییەکانی هاوردەکردنی کەلوپەلەکانیان بەسەردا جێبەجێدەکرێت، بەڵام هەر جێگەیەک مۆڵەتی نەبێت مەترسی هەیە و دڵنیایی لەسەر کەلوپەلەکانی نییە." 
 
سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بەوەش کرد، "لە رابردوودا کەسانێک هەبوون بەبێ هیچ مۆڵەتێک، سیستمی غازی LPGیان بۆ ئۆتۆمبێل دادەنا و دوور لە هەموو ستانداردێک، لە دوای نەورۆزەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 ئۆتۆمبێل لە هەولێر ئاگریانگرتووە و سووتاون کە بەشێکیان بە سیستمی غازی LPGیان لەسەربووە." 
 
وەک گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت: هیچ کۆمپانیایەک لەخۆیەوە ناتوانێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە و نانەواخانەکان جێگیر بکات. بەڵام تاوەکو ئێستا بابەتی دانانی غازی شل بۆ ماڵان رێکنەخراوەتەوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دانانی غازی ماڵان رێکدەخرێتەوە، هیچ کەس بەبێ ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی، ناتوانێت سیستمی غازی شل دابنێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو دیمەنی لافاوەکەی چەمچەماڵ

پارێزگای هەولێر: هەر کەسێک بێ مۆڵەت کەمپەین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بکات سزا دەدرێت

پارێزگای هەولێر رێوشوێنی بۆ رێکخستنی کەمپینەکانی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیان دەرکرد و رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک لەسەر شەقامەکان بە ناوی کۆمەکەوە رێگە لە هاتووچۆ بگرێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.