یەکێتیی پیاوانی کوردستان: لە 10 مانگدا تووندوتیژی بەرامبەر 463 پیاو کراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پیاوانە؛ سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان دەڵێت، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 463 پیاو تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە و شەش پیاویش کوژراون؛ دەشڵێت: "ئاڕاستەیەکی هەڵە لە کارکردنی رێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافی ئافرەتان هەیە و دەبێت راستبکرێتەوە".
بورهان عەلی، سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان ئەمڕۆ هەینی 19-11-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پەیامم بۆ ئافرەتان و پیاوان ئەوەیە کە هەوڵبدەن بە لێکتێگەیشتن کێشەکانیان چارەسەربکەن، چونکە خێزان بنەمای کۆمەڵگەیە و خێزانی دروست و ئەوەی لە ئاشتیدا دەژی و سەقامگیرە کۆمەڵگەیەکی تەندروست دروستدەکات؛ بۆیە گرنگە ژنان دۆخی پیاوان و ئەرکی قورسیان رەچاوبکەن و هەوڵبدەن باری سەرشانی پیاوان سووک بکەن و هاوکاریان بن".
بورهان عەلی لەبارەی ئامارەکانی پەیوەیست بە تووندوتیژییەکانەوە کە بەرامبەر پیاوان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن رێکخراوەکەیانەوە تۆمارکراوە، گوتی: "بەپێی ئامارەکان کە لە لق و نووسینگەکانمانەوە بەدەستمان گەیشتووە، لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2021دا ژمارەی ئەو پیاوانەی تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە 463 بووە؛ هەروەها شەش پیاو لەو ماوەیەدا لە لایەن ژنانەوە کوژراون".
رێكخراوی یەكێتیی پیاوانی كوردستان ساڵی 2007 دامەزراوە، ساڵی 2009 مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە و ئاماری تایبەت بە تووندوتیژیی دژی پیاوان بڵاودەکاتەوە، هەروەها کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی تووندوتیژیی دژی پیاوان، بەتایبەت لە رێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەوە.
سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان ئاستی تووندوتیژییەکان بەرامبەر پیاوان بە بەرز هەژمار دەکات و دەڵێت: " هۆکاری تووندوتیژییەکان زۆرن، لەوانە کێشەی دارایی، لاوازی دەسەڵاتی دادگە و دادوەری، زاڵبوونی بیرکردنەوەی خێڵەکی و نەبوونی لێکتێگەشتین لە نێو خێزانەکان".
سەبارەت بە کێشەی هاوژینانیش، بورهان عەلی گوتی: "کێشەکان لە سێ تەمەندا روودەدەن؛ یەکەمیان ئەوەیە کە هاوژینەکان تەمەنیان کەمە و بەهۆی دەستوەردانی ماڵی باوکیانەوە زۆرجار کێشە بچووکەکانیان لێ گەورە دەکرێن و ئەوەش دەبێتە هۆی جیابوونەوە و زۆرجاریش تووندوتیژی لێدەکەوێتەوە؛ لە تەمەنی مامناوەنددا بەشێکی زۆری ژنان ئەرکی پیاوان قورس دەکەن و هاوبەشی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکان لەگەڵ پیاوان ناکەن، کە ئەمە زۆر کاریگەریی لەسەر باری دەروونی پیاوەکە دەبێت و وای لێدەکات بەردەوام ئەرکی زۆر بێت و ئەوەش کێشە دروستدەکات و دواتر دەبێتە هۆی تووندوتیژی؛ لە تەمەنی پیریشدا بەشێکی ژنان خراپ مامەڵە دەکەن و پیاوان وەکو کارگەی بەرهەمهێنان دەبینن و لەگەڵ ئەوەی پیاوان توانای کاریان نەما ئیدی دەردەکرێن و تووندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت".
بورهان عەلی داوا لە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان دەکات لە داواکردنی یەکسانی بۆ پیاوان و ژنان هاوسەنگی بپارێزن و دەشڵێت: "دەبێت ئەو رێڕەوە راستبکرێتەوە و ئەو رێکخراوانەی بەرگری لە مافەکانی ئافرەت دەکەن، بەرگری لە ئەرکەکانیشیان بکەن و داواشیان لێبکەن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێبکەن".
رۆژی 19ی تشرینی دووەم بە رۆژی جیهانیی پیاوان وەکو رێزلێنانێک بۆ رۆڵی پیاو لە کۆمەڵگە دەستنیشانکراوە؛ ئەو رۆژە یەکەمجار لە ساڵی 1999 دیاریکرا کاتێک لە ترێنداد و تۆباگۆ ئەم رۆژە دیاریکرا و دواتر پەڕیەوە بۆ ئوسترالیا، ئەمریکا، کەنەدا، رووسیا، ئیتاڵیا و چەندین وڵاتی دیکە و ئێستا 85 وڵات بە فەرمی ئەو یادە دەكەنەوە.