دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی د. فرسەت سۆفی

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ تەرمی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە ئەنقەرەوە گەڕێندرایەوە هەولێر. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی گوتارێکیدا لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمەکەی ئاماژەی بەوە کرد، د. فرسەت جارێک بە سووکی کۆرۆنای گرت و چاکبووەوە، بەڵام جاری دووەم کۆرۆنا وایلێکرد لە کار داببڕێت و "ئەوەبوو بەداخەوە دوێنێ بەیانی کۆچی دواییکرد".
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، د. فرسەت "بەردەوام بە منی دەگوت لەبەر دۆخی دارایی و کەمیی ئیمکانیات ناتوانم وەکو پێویست خزمەتی هەولێر و کوردستان بکەم، ئەوە یەکێکبوو لە خەمە گەورەکانی ئەو پیاوە".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، بەهۆی نزیکییەوە لە جەماوەر و تێکەڵاویی لەگەڵ خەڵکی هەژاردا، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر "زیاتر هەستی بە کەموکوڕییەکان دەکرد و بەردەوام هەوڵیدەدا چاکسازیی فراوانتر بکرێت و کەموکوڕییەکانی بەڕێوەبردن نەمێنن، ئەوەش رۆژ بە رۆژ لای خەڵکی کوردستان د. فرسەتی خۆشەویستتر کردبوو".
 
دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر:
 
ئامادەبووانی بەڕێز..
 
بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفی..
 
خەڵکی خۆشەویستی هەولێر و کوردستانیانی بەڕێز..
 
ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ لە خەم و ئازارەوە پێشوازی لە تەرمی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دەکەین.
 
د. فرسەت کەم ژیا، بەڵام ژیانی پڕ لە کار و بەرهەم بوو. د. فرسەت بە جوانەمەرگی ماڵئاوایی لێکردین، بەڵام بە چیرۆکی سەرکەوتووی ژیانی وێنەیەکی زۆر جوانی لای هەموومان بەجێهێشت.
 
نموونەی کارزانی، دەستپاکی، نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی خەمخۆری وڵات بوو، د. فرسەت بە تێکەڵبوونی لەگەڵ خەم و ئازاری خەڵکدا بوو، بە کارکردن بۆ نەهێشتنی کەموکوڕییەکانی بەڕێوەبردن، ببووە خۆشەویستی ئێمە و هەموو خەڵک.
 
دوێنێ سەرۆک بارزانی نووسیی، کوڕێکی خۆم لەدەستدا، کەسایەتییەکانی کوردستان و پێکهاتەکانی کوردستان و کۆنسوڵ و دیپلۆماتکارەکان کە لە هەولێرن زۆر بە رێزەوە باسی د. فرسەتیان کرد، زۆر لە خەڵکی هەولێر و کوردستان بە ئەستێرەیەکی ئاسمانی هەولێر وەسفیان کرد.
 
ئەو کەسەی خەڵک لێی رازیبێت، ئەو کەسەی خەمخۆری خەڵک و نیشتمان بێت، ئینشائەڵڵا خۆشەویستی خوای مەزنە و دەیخاتە بەر سۆز و بەزەیی خۆی.
 
بەڕێزان...
 
سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول، بنەماڵە و کەسوکاری د. فرسەت لە ناوچەکانی شۆڕشدا ژیاون. گوندی گەزنەی قەزای چۆمان بۆ خێزانەکانی پێشمەرگە شوێنێکی گرنگ بوو، چونکە خەڵکی گوند زۆر هاوکارییان دەکردن.
 
بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی زۆر تێکەڵاو و یارمەتیدەری شۆڕش بوون، هەر لەبەر ئەوەش گوندەکەیان یەکێک بوو لەو هەزار گوندانەی کوردستان کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە وێرانکرا و خەڵکەکەی لە ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی دیانا نیشتەجێ کران.
 
د. فرسەت لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری بەو شێوەیە هاتە دونیاوە و گەورەبوو، بەهۆی هۆگریی یەکجار زۆری بۆ خوێندنەوە، زانینەکەی زۆر لە تەمەنی خۆی زیاتر بوو، لەبەر ئەوەش بەشێوەیەکی زۆر خێرا لە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێشکەوت. لەبەر کارزانییەکەی بەهۆی جیددیبوون و دڵسۆزییەوە لە هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیدا رۆژ لەدوای رۆژ دەبووە جێی متمانەی زیاتر.
 
کاتێک بوو بە یەکێک لە پاڵێوراوانی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگێکی زۆر بووە پەرلەمانتار، لە پەرلەمانیشدا بووە جێگەی متمانەی خەڵکێکی زیاتر لە کوردستان، چونکە بەهۆی پسپۆڕییەکەیەوە لە بواری یاسادا رۆڵێکی بەرچاوی لە نووسین و گفتوگۆ لەسەر یاساکانی خوولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان هەبوو. هەروەها بەهۆی نزیکییەوە لە جەماوەر و تێکەڵاویی لەگەڵ خەڵکی هەژاردا، زیاتر هەستی بە کەموکوڕییەکان دەکرد و بەردەوام هەوڵی دەدا چاکسازی فراوانتر بکرێت و کەموکوڕییەکانی بەڕێوەبردن نەمێنن، ئەوەش رۆژ بە رۆژ لای خەڵکی کوردستان د. فرسەتی خۆشەویستتر کردبوو.
 
هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هەوڵدانی بەردەوامی بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و تێکەڵاویی لەگەڵ خەڵکدا، وایانکرد کە کەسێکی گونجاو بێت بۆئەوەی ببێتە پارێزگاری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
 
بەداخەوە، ماوەی کارکردنی وەکو پارێزگاری هەولێر یەکجار زۆر کەم بوو، ئەگینا خەڵکی هەولێر و کوردستان کاری بەرچاوتریان لە د.فرسەت دەبینی.
 
د. فرسەت رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2019 فەرمانی هەرێمیی دەستبەکاربوونی لەلایەن ئێمەوە وەرگرت، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیەوە بە چالاکی چووە ناو کارەکانەوە. سەرپەرشتیی چالاکانەی زۆر پرۆژەی کرد، چەند مەبەستی شار بوو هێندەش خەمخۆری زیاترکردنی پرۆژە بوو لە گەڕەک و قەزا و ناحیە هەژارنشینەکان. هەمیشە هەوڵیدەدا پرۆژەکان بۆ ئەو شوێنانە بخرێنە پێشەوەی هەموو پرۆژەکانی دیکەوە، هەمیشە خەمی ئەوەی بوو، بەردەوام بە منی دەگوت لەبەر دۆخی دارایی و کەمیی ئیمکانیات ناتوانم وەکو پێویست خزمەتی هەولێر و کوردستان بکەم. ئەوە یەکێکبوو لە خەمە گەورەکانی ئەو پیاوە.
 
د. فرسەت جارێک بە سووکی کۆرۆنای گرت و چاکبووەوە، بەڵام جاری دووەم کۆرۆنا وایلێکرد مانگێک بەر لە ئەمڕۆ لە 19ی ئۆکتۆبەر لە کار داببڕێت، ئەوەبوو بەداخەوە دوێنێ بەیانی کۆچی دواییکرد.
 
لێرەدا دەمەوێت سوپاسی هەموو ئامادەبووانی بەڕێز بکەم، سوپاسی پەرۆشیی هەموو خەڵکی هەولێر و کوردستان بکەم، سوپاسی هاوخەمیی هەموو کۆنسوڵخانە بیانییەکان کە تەشریفیان هێناوە، دەمەوێت بەتایبەتی بەخێرهاتنیان بکەم بۆ خەمخۆرییان لەگەڵ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
 
سوپاسی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنە عێراقییەکان دەکەم، سوپاسی ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێز مستەفا کازمی، کە لە جیاتی خۆی ئەمڕۆ نوێنەری خۆی ناردووە بۆ بەشداریکردن لەو رێوڕەسمە، سوپاسی دەکەم و بەخێرهاتنی دەکەم.
 
ناوی د. فرسەت سۆفی هەمیشە بە لێهاتوویی و دڵسۆزییەکەی لە بیرەوەریی ئێمە و خەڵکی کوردستان و خەڵکی خۆشەویستی هەولێر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
 
داواکارین خوای مەزن لێی خۆشبێت و سەبووری و دڵنەوایی بە دایکی و هاوسەر و منداڵەکانی و براکانی و هەموو کەسوکار و هەموو لایەکمان پێکەوە بدات.
 
سوپاس بۆ هاتنتان و خەمخۆریتان، ماڵئاوابێ د. فرسەت.