فازڵ میرانی: دکتۆر فرسەت سۆفی کاندید بوو بۆ ئەندامی سەرکردایەتی

رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد، حیزبەکەی بەنیاز بووە لە کۆنگرەی داهاتوودا، فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر بکەنە ئەندامی سەرکردایەتی.
 
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی فرسەت سۆفی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ رووداو قسەی کردو نهێنییەکی حیزبەکەی ئاشکراکرد، ئەو گوتی "کاندیدێکمان بۆ رۆڵی سەرکردایەتیکردنی حیزب لە ئایندەدا لەدەست دا". میرانی زیاتر روونیکردەوە "لە کۆنگرەی داهاتوو چاومان لەوەبوو فرسەت سۆفی بکەینە ئەندامی سەرکردایەتی، ئەمە نهێنییەکی حیزبیشە، بەڵام دەبوو حەقی خۆی پێبدرێت".
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 18-11-2020، دوای مانگێک لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دکتۆر فرسەت سۆفی لە ئەنقەرە کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ پێنجشەممەش لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و کۆنسوڵی وڵاتان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازیی لە تەرمەکەی کرا و هەر ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر بە خاک دەسپێردرێت.
 
د. فرسەت سۆفی، لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لەدایکبووە، مانگی 9ی ساڵی رابردوو بووە پارێزگاری هەولێر. 
 
- دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە
- مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بوو
- ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو
- ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو
- سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو 
 
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر خێزانداربوو و لەدوای خۆی دوو کوڕ و دوو کچی بەناوەکانی (هێڤار، هێدار، نڤار و ڤیار). جێهێشت، کە تەمەنیان لەنێوان پێنج ساڵ و 17 ساڵە. 
 
دەقی پرسەنامەی فازڵ میرانی بۆ ماڵباتی دکتۆر فرسەت سۆفی

بەڕێزان خانەوادەی برا وهەڤاڵی خۆشەویستمان كاك فرسەت سۆفی
‏‎كوردستانیانی ئازیز

سڵاو و رێز 

بەداخێكی زۆرەوە هەڤاڵ و برای خۆشەویستمان د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر ماڵئاوایی لێكردين.

كاك فرسەت مرۆڤێكی ساده ومرۆڤ دۆست و كورد پەروەرێكی راستەقینە بوو ، له بیركردنەوەدا ژیربوو یاسازانێكی پێشكەوتوو وپێگەیشتوو بوو .

هەروەها ئیداریەكی زیرەك بوو، حەزی لە خزمەتکردنی خەڵك بوو،  بەڵام بەداخەوە بەخت یاوەری نەبوو تا بۆ ماوەیەكی درێژتر خزمەتی بیر وباوەڕی كوردایەتی بكات لەڕێگەی پارتەكەیەوە .

خۆمان بەهاوبەشی خەمتان دەزانین ، پرسە وسەرەخۆشی لەخۆمان ولە ئێوەش دەكەین
.
خوای گەورە سەبوریمان بدات.

انا لله وانا اليه راجعون 
فاضل  میرانی 
سكرتێری مەكتەبی سیاسی 
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٠٢٠/١١/١٨