برایەکی د. فرسەت سۆفی: خەڵکی سەلماندیان ئەو تەنیا برای ئێمە نەبوو

19-11-2020
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی د. فرسەت سۆفی و بەخاکسپاردنی. گرافیک: ئەحمەد بەهرام. وێنە: بڵند تاهیر
رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی د. فرسەت سۆفی و بەخاکسپاردنی. گرافیک: ئەحمەد بەهرام. وێنە: بڵند تاهیر
نیشانەکردن فرسەت سۆفی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەبیینن، فڕۆکەیەکە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاوە بۆ هەولێر دەچێت و تەرمی پیاوێکی تێدایە کە هەمووان بۆی خەمبارن. دیمەنەکانیش هێنانەوەی تەرمی پارێزگارەکەی پایتەختی هەرێمی کوردستانە بۆ نیشتمان.

بە رێوڕەسمێکی شایستە پێشوازی لە تەرمی د. فرسەت سۆفی کرا، گریانی منداڵ و کەسوکاری دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر، خەمناکترین دیمەنی رێوڕەسمی هێنانەوەی تەرمەکەی بوو، دیمەنی لەباوەشگرتنی تەرمەکەی لەلایەن سێ منداڵەکەیشییەوە، یەکێک بوو لە دڵتەزێنترین دیمەنەکان. 
 
بەرپرسانی باڵای وڵات و کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان لە پێشوازی تەرمەکەدا بوون. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، د. فرسەت بە جوانەمەرگی ماڵئاوایی لێکردن، بەڵام بە چیرۆکی سەرکەوتووی ژیانی، وێنەیەکی زۆر جوانی لای هەمووان بەجێهێشت.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، فرسەت کەم ژیا، بەڵام ژیانی پڕ لە کار و بەرهەم بوو. "د. فرسەت بە جوانەمەرگی ماڵئاوایی لێکردین، بەڵام بە چیرۆکی سەرکەوتووی ژیانی وێنەیەکی زۆر جوانی لای هەموومان بەجێهێشت، نموونەی کارزانی، دەستپاکی، نیشتمانپەروەری، دڵسۆزی و خەمخۆریی وڵات بوو".
 
لە زاری هاوپیشە و هاوکارەکانی پێشووی، فرسەت سۆفی جگە لە خزمەت و دەستپاکی پیاوی ئاشتی و تەباییش بوو.
 
بێگەرد تاڵەبانی، هاوڕێ و هاوپیشەی پێشووی دکتۆر فرسەت سۆفی بە رووداوی گوت، "من ئاگادارم کە رۆڵێکی زۆر گەورەی لە تەبایی و رێکخستنی جیاوازییەکان هەبوو، رۆڵی هەبوو لە یەکدی نزیککردنەوەی ئەو دوو حیزبە و سڕینەوەی ناکۆی و ململانێکان، سەرەڕای ئەوەی بۆچوونی سیاسیمان جیاوازە، بەڵام بەڕاستی دکتۆر فرسەت لە کوردستان رۆی، نەک لە هەولێر لە خەڵکی هەموو پارێزگاکان رۆی". 
 
ئەمڕۆ شار بۆ دوایین جار ماڵئاوایی لە پارێزگارە گەنجەکەی کرد. پێش بەخاکسپاردنی، بۆ دوایین جار تەرمی فرسەت سۆفی برایەوە بۆ ماڵەکەی. 
 
دوایین وێستگە فرسەت سۆفی، گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بوو، ئیدی بۆ هەتا هەتایە خاکی هەولێر پارێزگارەکەی لە ئامێزگرت.
 
نەسرەت سۆفی، برای فرسەت سۆفییە، بە رووداوی گوت "سوپاسی پەرۆشیی ئەو خەڵکەی دەکەین، دکتۆر فرسەت سەلماندی تەنیا برای ئێمە نەبووە، بەڵکو برا و کەسوکاری هەموو ئەو خەڵکەی بووە، دۆست و پشتوپەنای هەژاران و لێقەوماوان بوو، پەرۆشی ئەو خەڵکە هیچ کاتێک لەبیر ناکرێت". 
 
دکتۆر فرسەت سۆفی زیاتر لە ساڵێک و دوو مانگ پارێزگاری هەولێر بوو، سێ بەشی ماوەی کارەکەی لەسەردەمی کۆرۆنابوو، ئەو ڤایرۆسە کوشندەی ژیانی لێسەندەوە و نەیهێشت ئەو پلانەی بۆ خزمەتی پارێزگاکەی داینابوو تەواویان بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.