تەرمی دکتۆر فرسەت سۆفی گەڕێندرایەوە هەولێر

رووداو دیجیتاڵ

تەرمی دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر لە ئەنقەرەوە گەڕایەوە بۆ هەولێر و لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازیی لە تەرمەکەی کرا و دواتر لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بە خاک دەستپێردرێت.
 
کاژێر 7ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-11-2020 تەرمی دکتۆر فرسەت سۆفی، لە نەخۆشخانەی مەمۆریالەوە گواسترایەوە فڕۆکەخانەی ئەسەنبووغا لە ئەنقەرە، لە کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیش بە فڕۆکەیەکی تایبەت تەرمی دکتۆر فرسەت سۆفی بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێبکرێت.
 
بەشێک لە کەسوکار و خانەوادەی دکتۆر فرسەت سۆفی هاوکات بەرپرسی نووسینگەی سەرەکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و هەروەها بەرپرسی بەشی کارگێڕی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنقەرە لە دوێنێوە دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە.
 
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە، رایگەیاند، ئێستا ماڵبات و کەسوکاری دکتۆر فرسەت لەنێو فڕۆکەخانەی ئەسەنبوغا لە ئەنقەرەن، هەروەها بۆ بەڕێکردنی تەرمی دکتۆر فرسەت سۆفی، حەسەن جەنابی، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە و بەشی پەیوەندیداری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە بەشی VIP فڕۆکەخانەکە، هەموو ئامادەکارییەکانیش بۆ ئەو مەبەستە تەواو کراون. 
 
زاهیر سۆفی، برای فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لەنێو فڕۆکەخانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە دکتۆر فرسەت بە تەنیا هی ئەوان نەبووە و هی هەموو خەڵکی کوردستان بوو. 
 
دوای گەیشتنەوەی تەرمی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بە خاکی نیشتمان، بڕیارە لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و بەپرسانی دیکەی حکومی و پێشوازی لێبکرێت و پاشان هەر هەولێر لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بە خاک بسپێردرێت.