رووداو- ئەمستەردام
دوای ساڵێك پێشمەرگایەتی لە كوردستان، ئازاد نەوزاد دواجار گەڕایەوە هۆڵەندا. لەو یەك ساڵەدا ئازاد لە دەوروبەری بەنداوی مووسڵ پێشمەرگە بووە و شەڕی لە دژی چەكدارانی داعش كردووە. ئێستا گەڕاوەتەوە هۆڵەندا، ئەو وڵاتەی بە درێژایی هەژدە ساڵی رابردوو نیشتیمانی یەكەمی بووە.
ئازاد، 25 ساڵ، شەڕی دژی داعشی بیرنەچووەتەوە، بەڵام پلانیشی بۆ داهاتووی خۆی داناوە و دەیەوێت ژیانێكی هەبێت.
رەنگە قورسترین بڕیار كە ئازاد دابێتی لەو ماوەیەدا ئەوە بووبێ كە ناچار كرا چەكەكەی بفرۆشێت. ئازاد لە قوتابخانەیەك لە هۆڵەندا چیرۆكی چەكەكەی خۆی دەگێڕێتەوە. ئەو بە تاسەوە باسی ئەو رۆژە دەكات كە كڵاشینكۆفەكەی رێك لەو شوێنە دۆزییەوە كە پێشمەرگە لە داعشی وەرگرتبووەوە.
ئازاد دەڵێت هەر لە یەكەم ساتەكانی پێشمەرگایەتی ئەو چەكەی كەوتە دەست "من دڵنیام كە ئەمە قسمەت و نسیب بوو. هەر بۆیەشە وەك منداڵی خۆم ئاگام لێی بوو، پاكم دەكردەوە."
بەڵام دڵگرانە بەوەی كە دوای ئەوەی ئەركی تەواو بوو دەبووایە بگەڕێتەوە هۆڵەندا، ئیدی ناچار بوو چەكەكەی بە بلیتێك بدات "یەك زەڕە شكم نییە كە ئەم چەكە دیرۆكی منە. بۆیەشە زۆر گەشبینم كە بتوانم رۆژێك بیكڕمەوە، چونكە بە برادەرێكی خۆمم فرۆشتەوە".
مانگی ئابی پارساڵ، ئازاد بەپەلە گەڕایەوە كوردستان و لەگەڵ برا و ئامۆزا و مامەكانی جلی پێشمەرگەی كردە بەری. زۆری پێ نەچوو ئیدی هەواڵ و وێنەی شەڕەكانی لەسەر پەڕەی فەیسبووكی خۆی بڵاوكردەوە. هەر لەو رێگەیەشەوە تووڕەیی خۆی لە نەبوونی چەك و تەقەمەنی پێویست دەخستەڕوو.
ئەو دەڵێت: "كێشە ئەوەیە كە فیشەكی تەواوت پێ نەبێت دەبێ تەقەكانت بژمێری، چونكە جاری وا هەیە شەڕێك شەش سەعاتی پێدەچێت و تۆ بەشی ئەوە فیشەكت پێ نییە. ئەوە ئازارت دەدات".
ئازاد چیرۆكی خۆی لە شەڕەكان دەگێڕێتەوە و دەڵێت قەت هاوڕێ پێشمەرگەكەی لەبیر ناكات كە بە گوللەی هاوەن شەهید بوو. ئازاد دەڵێت پێشمەرگەكان بە یەكەوە تەقە لە دوژمن دەكەن و راستییەكەی كەس نازانێت فیشەكی كێ چەكداری داعشی پێكاوە.
ئازاد باسی تێڕوانینی پێشمەرگە دەكات بۆ ئەوانەی لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە بۆ شەڕی داعش "ئەوان وا دەزانن كە بە كێك و شیر گەورە بووی و ناتوانی پێمەڕە بە دەستەوە بگری. لە كاتێكدا رەنگە تۆ لەوان زۆر باشتریش بیت."
ئازاد دەڵێت سەرەتا زۆر ناخۆش بوو خۆی لەگەڵ پێكهاتەی سوپا رابهێنێ، چونكە هەر مامیشی لەوێ ژەنەڕاڵ بووە و زۆرینەی بڕیارەكانی ئەو دەیدا "وەك هۆڵەندییەك ئێمە وا راهاتووین كە لە بڕیاردا بەشدار بین. چونكە خۆ مەرج نییە من وەك ئەوانی دیكە بیربكەمەوە".
كە لە ئەیلوولدا كوردستانی بەجێهێشت، ئازاد چوار جار پلەكەی بەرز كرابووەوە، بەڵام تەنانەت وەك مولازمیش هێشتا لە بڕیاردا بەشداری پێ نەدەكرا.
ئازاد دەڵێ "خۆ ئەگەر پلەشت هەبێ پێشمەرگە هەر بۆ ژەنەراڵەكان دەگەڕێنەوە نەك بۆ تۆ، بەڵام بەپێی ستانداردی جیهانی ژەنەڕاڵ زیاتر لە پشتەوەی بەرەی شەڕ ئاگایان لە شەڕەكەیە. بەڵام ئێمەی كورد هەر وا شەڕمان كردووە، وەك پارتیزان. جا یان دەبێ تۆش وەك ئەوان بكەیت یان هیچ. ئەمە عەقڵیەتی سوپاكانی ئێمەیە و دیارە هەر ئەوهاش دەتوانین داعش تێكبشكێنین."
ئازاد كە لە ساڵی رابردوودا وەك زۆربەی فەرمانبەرانی حكومەت ماوەی زۆر چاوەڕێی مووچە بووە و تەنانەت لەو ماوەیەدا تەنیا حەوت مووچەی بۆ حیساب كراوە، دەڵێت ئەمە هۆكاری بەجێهێشتنی كوردستان نەبوو. كە داعشیان پاشەكشە پێ كرد ئیدی پێویستییەكی زۆریان بەو نەما.
ئازاد دەڵێت "بیرم كردەوە كە كاتی خۆم باشتر بەكاربهێنم. دەمەوێت دبلۆم وەربگرم". بڕوانامە لە كوردستان زۆر گرینگە و بەبێ ئەوە هیچت پێ ناكرێت. هەر بۆیەشە ئازاد هەوڵ دەدات بڕوانامەی هەبێت. ئەو دەڵێت "من هەمیشە حەزم كردووە ببمە سیاسەتمەدار."
بەپێی یاسای هۆڵەندی ئەگەر بۆ هێزێكی دەرەكی لە شەڕدا بیت، ئەگەری ئەوە هەیە دەستگیر بكرێی، بەڵام ئازاد ئەمەی زۆر بە لاوە گرنگ نەبووە. قوتابخانەكەی دیسان ئازادی وەرگرتەوە و دەیانەوێت یارمەتیی بدەن كە ساڵی دوایینی تەواو بكات و ببێتە یاریدەدەرێكی كۆمەڵایەتی.
ئازاد هەروەها هەوڵی داوە ئەزموونی خۆی لە كوردستان بەكاربهێنێ و لێكۆڵینەوە لەوەدا بكات كە گەنج چۆن بەرەو توندڕۆیی دەچن "من حەز دەكەم بزانم هەر لەسەرەتاوە چۆن گەنجێك توندڕۆ دەبێت و چۆن مامۆستا و قوتابخانە دەتوانن رێگەی لێ بگرن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ