رێکخراوی پەیامنێران: لە دەنگدانی تایبەتدا 19 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەڤانان کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی پەیامنێران رایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەتدا پێشێلکاری بەرامبەر بە 16 دەزگای میدیایی بیندراو و بیستراو کراوە، کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەڵەبجە بوون.
 
رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، ئەمڕۆ شەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2024، راپۆرتی خۆی سەبارەت بە رێژەی پێشێلکارییەکان لە دژی رۆژنامەنووسان لە پرۆسەى دەنگدانی تایبەت بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "بەگوێرەی ئامارەکانمان؛ 19 پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەڤانان تۆمار کراوە، کە 15ـیان لە شاری هەڵەبجە بوون و لە پارێزگای هەولێر سێ پێشێلکاری و لە دهۆکیش حاڵەتێکی پێشێلکاری تۆمار کراوە، بەڵام لە سلێمانی هیچ پێشێلکارییەک تۆمار نەکراوە."
 
رێکخراوەکە داوا دەکات لە دەنگدانی گشتیدا "هێزە ئەمنییەکان و دەزگا حکومییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بکەن و رێگری لە کارەکانیان نەکەن."
 
دوێنێ هەینی، 18ی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. سبەش 20ی تشرینی یەکەم دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.