کۆمیسیۆن بەربژێر و لیستێک هەریەکەیان بە 500 هەزار دینار پێبژاردن سزا دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دوو سکاڵاى پارتى و سکاڵایەکى یەکێتى و نەوەى نوێ رەتدەکاتەوە، بەربژێرێک و لیستێکى دیکەش بە 500 هەزار دینار پێبژاردن سزا دەدات.
 
بڕیارەکانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە 17ى تشرینى یەکەم دەرکراون، سەرجەمیان تایبەت بوون بە پێشێلکارییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن.
 
بەگوێرەى بڕیارەکان کۆمیسیۆن، دوو سکاڵاى پارتى لە هەولێر و سلێمانى، سکاڵایەکى نەوەى نوێ و یەکێتى لە بازنەى سلێمانى رەتکردووەتەوە، کە لەبارەى پێشێلکاریى بانگەشەى هەڵبژاردن پێشکێشیان کردووە.
 
کۆمیسیۆن سزاى پێبژاردنى لیستى بەرەى گەلى داوە بە 500 هەزار دینار، بەهۆى ئەنجامدانى پێشێلکاریى لایەنگرانی لەسەر بنەماى مادەى 13ى رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن، کە تایبەتە بە دەستدرێژیکردن و رێگرى لە بانگەشەى هەڵبژاردنى لایەنى دیکە لە رێگەى شێواندن یان دڕاندنى پۆستەرەوە.
 
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران، سزاى پێبژاردنى بەربژێرێکی لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان بووە لە بازنەى سلێمانى بە 500 هەزار دینار. سزاکە لەسەر بنەماى مادەى 10ى رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن بووە، کە تایبەتە بە ناوزڕاندن.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو ئەو سزایە لەسەر بنەماى سکاڵایەکى لیستى نەوەى نوێ بووە.
 
ئەنجوومەنى کۆمیسیاران سکاڵاى بەربژێرێکى لیستی بەرەى گەلى رەتکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەى بەڵگەى پێویست لەبەردەست نەبووە، سکاڵاکە پەیوەندیدار بووە بە پێشێلکارى لە بانگەشەى هەڵبژاردن.
 
بانگەشەى هەڵبژاردن لە 25ى ئەیلوول دەستیپێکرد و لە 15ى تشرینى یەکەم کۆتاییهات، 18ى تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت ئەنجامدرا و 20ى تشرینى یەکەم دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت.
 
بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، لە ماوەى بانگەشەى هەڵبژاردندا 44 سکاڵاى تایبەت بە پێشێلکارى بانگەشە پێشکێش کراون، 19 سکاڵایان یەکلاکراونەتەوە.